وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: حەماس و تونێلەکانی لە نێودەبەین

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، بە سوپای وڵاتەکەیان ڕاگەیاندووە گشت تونێلەکانی حەماس لە ناو ببەن، چونکە نەمانی تونێلەکان واتە کۆتایی حەماس.

ئەمڕۆ هەینی 7ـی تشرینی دووەمی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، لە لەناوبردنی تونێلەکانی حەماس بەردەوام دەبن، تاوەکوو هەموو تونێلەکان وێران دەکەن، چونکە کۆتایی ئەو تونێلانە کۆتایی حەماس دەگەیێنێت.

ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە دوای ئەوە دێت، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاندبوو، واشنتن لە فشارەکانی بۆ سەر ئیسرائیل کردنەوەی ڕێڕەوێک بۆ ئەو چەکدارانەی حەماس کە لە ناو تونێلەکاندا گیریان خواردووە بەردەوامە، لە بەرانبەردا چەکدارەکان چەکەکانیان دادەنێن، ئەمەش وەکوو پرۆسەیەکی ئاڵوگۆڕە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس.

بەگوێرەی زانیارییەکانی حکوومەتی ئیسرائیل، 200 بۆ 300، چەکداری حەماس لەو ناوچانەی لە ژێر دەستی ئیسرائیلدایە، لە ناو تونێلەکاندا ماونەتەوە، هاوکات بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی" وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری سەرچاوەیەک لە حەماس بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەی ئەو چەکدارانەی لە تونێلەکاندا ماونەتەوە نزیکە 100 کەس دەبن.

بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، زۆربەی ئەوچەکدارانەی لە ناو تونێلەکان گیریان خواردووە، لە شاری ڕەفەح لە کۆتایی باشووری کەرتی غەززە دان، هەروەها ژمارەیەکی دیکە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووری غەززە لە گەڕەکەکانی خان یونس، بیت حانوت و شوجاعیە ماونەتەوە.

هاوکات چەند بەرپرسێکی عەرەب، ئاماژەیان بەوە کردووە، هەندێک لەو چەکدارانە لە ناو تونێلەکاندا بە هۆی نەبوونی خواردن و خواردنەوە گیانیان لەدەستداوە.

سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ڕۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، بەڵام تاوەکوو ئێستا گرژییەکان بەردەوامیان هەیە، ئیسرائیل چەندین هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی کەرتی غەززە ئەنجام داوە، دەیان کەس کوژراون و برینداربوون.

لە بەرانبەردا حەماس، داوای لە وڵاتانی نێوەندگیر کردووە فشارەکان لە سەر ئیسرائیل زیاد بکەن، بۆ ئەوەی دووبارە ژیان بگەڕێتەوە بۆ کەرتی غەززە.

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شەرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتیی غەززە بەڕێوە چوو، کە هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیاییان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.

Fly Erbil Advertisment