ئەمەریکا ئەحمەد شەرعی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا
بەر لە سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ واشنتن، ئەمەریکا سزای لەسەر ئەو سەرۆک کۆمارەی سووریا هەڵگرت، ئەمەش دوای هەڵگرتنی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و بەریتانیا هات.
ڕۆژی هەینی، 7ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، واشنتن بە فەرمی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریای لە لیستی تیرۆر دەرهێنا، ئەمەش چەند ڕۆژێک پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەحمەد شەرؤە بۆ ئەمەریکا.
دەرهێنانی ئەحمەد شەرع لە لیستی تیرۆر ئەمەریکا، لەکاتێکدایە لە 2ـی تشرینی دووەم، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی 'سی بی ئێس'ـی ئەمەریکی گوتی "ڕەنگە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بێتە کۆشکی سپی، ئەو بەجددی کار دەکات."
ترەمپ ئاماژەی بەوەشدابوو، ئێمە سزاکانی سەر سووریامان هەڵگرت بۆ ئەوەی هەلێکیان پێ بدەین، بیستوومە سەرۆکەکەی کاری زۆر باش دەکات.
ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا پشتڕاستی کردەوە، ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا لەم مانگەدا سەردانی کۆشکی سپی دەکات و پرسی ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.
هاوکات ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەحمەد شەرع و ئەنەس خەتابی دا، کە زیاتر لە 10 ساڵە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەمەریکا ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد.
ئەحمەد شەرع دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، لە 8ـی کانوونی دووەمدا دەسەڵاتی لە سووریا گرتە دەست. سەرۆک کۆماری نوێی سووریا چەندین جار پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و جیهانی عەرەبی دووپاتکردووەتەوە.
