ئۆباما: گەلی ئەمەریکا کارنامەی ترەمپ ڕەتدەکاتەوە و دیموکراتەکان یەکگرتوون

باراک ئۆباما، سەرۆکی 44ـەمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، دەنگدەرانی ئەمەریکی ئارەزووی گۆڕانکارییان هەیە و کارنامەی سیاسی دۆناڵد ترەمپ ڕەتدەکەنەوە.

ئۆباما لە میانی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی "پۆد سەیڤ ئەمەریکا" (Pod Save America) گەشبینی خۆی سەبارەت بە توانای دیموکراتەکان بۆ تێپەڕاندنی دابەشبوونە ناوخۆییەکان و یەکگرتنەوەیان لە دەوری بەها هاوبەشەکان؛ نیشان دا.

ئۆباما ئاماژەی بەوە کرد: "گەلی ئەمەریکا کەسی بێبەزەیی و ئەوانەیان ناوێت، خۆیان بە دەسەڵاتەوە هەڵدەواسن." ئەو ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەم دواییەی بە بەڵگەی خواستی دەنگدەران بۆ گۆڕانکاری لە قەڵەمدا و سەرکەوتنی کەسایەتییە جیاوازەکانی ناو پارتی دیموکراتی، وەک زۆهران مەمدانی، بە ڕەنگدانەوەی هەمەچەشنیی حزبەکەی دانا. 

لە کۆتاییدا ئۆباما جەختی لەوە کردەوە، بوونی ناکۆکی "شتێکی ئاساییە،" بەڵام دیموکراتەکان "لە دەوری بەها سەرەکییە هاوبەشەکان یەکدەگرنەوە."

ئەم لێدوانانەی باراک ئۆباما لە کاتێکدایە ناکۆکی لە نێوان باڵی پێشکەوتنخواز و باڵی میانڕەوی پارتەکەدا یەکێکە لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکان. ئۆباما، وەک یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ناو پارتەکە، هەوڵدەدات ڕۆڵی یەکخستنی ڕیزەکان ببینێت و پەیامێکی هیوابەخش ئاراستەی دەنگدەران بکات.

ئاماژەدان بە سەرکەوتنی کەسێکی وەک زۆهران مەمدانی، کە بە کاندیدێکی سۆسیالیست دیموکرات ناسراوە و لەم دواییانەدا سەرکەوتنی گەورەی لە هەڵبژاردنی شارەوانی نیویۆرک بەدەستهێناوە، وەک نموونەیەک بۆ نیشاندانی هێز و هەمەچەشنیی پارتەکە بەکاردەهێنرێت. 

لە بەرامبەردا، ئۆباما ڕەخنە لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ دەگرێت و پێی وایە دەنگدەران لەو جۆرە کارنامە سیاسییە دوورکەوتوونەتەوە کە لەسەر بنەمای توندڕەوی و خۆسەپاندن دامەزراوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment