کۆبوونەوەی نێوان پاکستان و ئەفغانستان شکستی هێنا

خاڵێکی سنووریی نێوان ئەفغانستان و پاکستان
خاڵێکی سنووریی نێوان ئەفغانستان و پاکستان

خواجە محەممەد ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان، شکستهێنانی گفتوگۆی نێوان وڵاتەکەی و ئەفغانستانی ڕاگەیاند، کە دوێنێ هەینی، 7ـی تشرینی دووەم 2025، لە ئیستانبوڵ بەڕێوە چوو.

ئاسف، ڕایگەیاند "ئاگربەست لەگەڵ ئەفغانستان تا ئەو کاتەی هیچ هێرشێک لە خاکی ئەفغانستانەوە نەکرێتە سەرمان، بەردەوام دەبێت".

عەتاڵلا تارار، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسیویەتی "ئەفغانستان دەبێ بەرانبەر پابەندییە نێودەوڵەتی وهەرێمی و دوولایەنییە درێژخایەنەکانی سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وەفادار بێت. بەڵام حکوومەتی تاڵیبان بە پێچەوانەوە ئەو پابەندییانەی جیبەجێ نەکردووە"  

تارار، لە درێژەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی "پاکستان هیچ دژایەتی گەلی ئەفغانستان ناکات، بەڵام پشتیوانی ئەو هەنگاوانەی تاڵیبان ناکات کە زیان بە پەرژەوەندییەکانی گەلی  ئەفغان و وڵاتانی دراوسێ دەگەیەنن؛ حکوومەتی پاکستان ئەوەی بۆ پاراستنی سەرەوەریی وڵات و سەلامەتیی دانیشتوانەکەی بێت، دەیکات."

لە کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان پاکستان و ئەفغانستان لە ئیستانبوڵ، هەردوولا تەنیا لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستی پێشوو  ڕێککەوتن کە پێشتر بە نێوەندگیریی قەتەر، جێبەجێ کرابوو. بەڵام لەسەر چارەکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوانیان ڕێک نەکەوتن.

 
Fly Erbil Advertisment