حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵبژاردنەوە دوو ڕۆژ پشووی ڕاگەیاند
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە و سێشەممە بەهۆی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئەو فەرمانبەرانی کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەنگ دەدەن پشوو دەبێت.
شەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بەپێی بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ڕەخساندنی ئاسانکاریی بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بۆ فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێم کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەنگ دەدەن، ڕۆژی دووشەممە و سێشەممە 10 و 11ـی تشرینی دووەمی 2025 پشوو دەبێت.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 پشووە.
بڕیارە سبەی یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، کاتژمێر 07:00ـی بەیانی دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی هەمان ڕۆژ بەردەوام دەبێت. دەنگدانەکە، هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان دەگرێتەوە.
یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و 26 هەزار و 538 ئاوارە بەشداریی هەڵبژاردنی تایبەت دەکەن. هەروەها، لە دەنگدانی تایبەتدا، 809 بنکە و 4501 وێستگەی دەنگدان بۆ هێزە ئەمنییەکان و 27 بنکە و 97 وێستگەی دەنگدان بۆ ئاوارەکان کراوە دەبن.
ژمارەی هەموو کاندیدان بۆ کێبرکێی هەڵبژاردن برتییە لە 7 هەزار و 744 کاندید، هەروەها تاوەکو ئێستا 848 کاندید لە کێبڕکێیەکە دوورخراونەتەوە.
