حەماس: ئیسرائیل ڕێگری لە دەرچوونی گیرخواردووانی تونێلەکانی ڕەفەح دەکات

بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، ئیسرائیل هێشتا ڕێگری دەکات لە دەرچوونی ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی لە تونێلەکانی ڕەفەح گیریان خواردووە. هاوکات، بەرپرسێکی باڵای تورکیا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی کاردەکات بۆ دابینکردنی ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ نزیکەی 200 هاووڵاتیی مەدەنیی گیرخواردوو، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە تورکیا نێوەندگیریی کرد بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی سەربازێکی ئیسرائیلی.

حەماس لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، لەگەڵ میسردا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هەشت کەسی (کە ئافرەتێکیشی تێدایە) بە سەرۆکایەتیی ئەمجەد شەوا، بەڕێوەبەری تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەڵەستین، ڕێککەوتوون بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە، بەڵام ئیسرائیل ڕێگری لەم هەنگاوە دەکات.

بزووتنەوەکە داوای لە نێوەندگیران کرد دڵنیایی بدەن، ئیسرائیل دەست بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە دەکات. ئیسماعیل ڕەزوان، یەکێک لە سەرکردەکانی حەماس، ڕایگەیاندووە ئامادەیی خۆیان بۆ کشانەوەی چەکدارەکانیان لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیلدان، به نێوەندگیران ڕاگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی "دوای 11ساڵ، بە سەرکەوتوویی نێوەندگیریی کردووە بۆ گەڕاندنەوەی پاشماوەی تەرمی هەدار گۆڵدین بۆ ئیسرائیل." گۆڵدین ئەو ئەفسەرە ئیسرائیلییە بوو کە لە شەڕی ساڵی 2014دا لە غەززە کوژرا.

ئەو بەرپرسە تورکییە گوتیشی: "ئەم هەنگاوە پابەندبوونی ڕوونی حەماس بە ئاگربەستەکە نیشان دەدات، و لە هەمان کاتدا ئێمە کاردەکەین بۆ دابینکردنی ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ ئەو نزیکەی 200 هاووڵاتییە مەدەنییەی لەناو تونێلەکاندا گیریان خواردووە."

جێی باسە، تورکیا یەکێکە لە واژۆکارانی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە کە مانگی ڕابردوو بە نێوەندگیریی ئەمەریکا واژۆ کرا، و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بزووتنەوەی فەڵەستین هەیە و بەردەوام ڕەخنە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەگرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment