تەواوی چاوپێكەوتنەكەی مێسی بڵاوكرایەوە

مێسی: بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی تەواوبوونی یاریگەی كامپ نوو دەكەم

لیۆنێل مێسی كاپتنی یانەی ئینتەر مەیامی لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ سپۆرتی كەتەلۆنیا
لیۆنێل مێسی كاپتنی یانەی ئینتەر مەیامی لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ سپۆرتی كەتەلۆنیا

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یانەی ئینتەر مەیامی لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنیا رایگەیاند هێشتا ئازاری جیابوونەوەی لە بارسێلۆنا لەبیر نەكردووە، دەشڵێت:  هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات لە بارسێلۆنا بڕۆم، دامنابوو هەموو ژیانم لە ئەوروپا و یانەی بارسێلۆنا بێت.
لیۆنێل مێسی لە چەند رۆژی رابردوو بە سەردانێك گەڕاوەتەوە شاری بارسێلۆنا و لە چاوپێكەوتنێكی میدیایی دا لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنیا جەختی لەوە كردەوە كە هێشتا هەستێكی ناخۆشی هەیە كە بارسێلۆنای جێهێشتووە، دەشڵێت: دڵخۆشم كە هاندەرانی بارسێلۆنا منیان لەبیر نەكردووە و خۆشەویستی نێوانمان تاهەتایە دەمێنێتەوە، تامەزرۆی گەڕانەوەم بۆ بارسێلۆنا، من و هاوسەرەكەم و منداڵەكانم لە ماڵەوە بەردەوام باسی بارسێلۆنا دەكەین.
لیۆنێل مێسی لە بەرسیڤێك دا گوتی: ئەستمە بتوانم خۆشترین یادگارییەكانم لەگەڵ بارسێلۆنا هەڵبژێرم، ساتی زێڕینی زۆرم لەگەڵ ئەو یانەیە هەبووە، بەڵام كاتێك باسی دڵخۆشی دەكەین دەبێت باسی نازناوە بە كۆمەڵەكان بكەینەوە، شەش نازناوەكەی گواردیۆلا و سێ نازناوەكەی ئێنریكی زۆر ناوازە بوون، بەڵام دڵخۆشی راستەقینە لای من، هەموو ئەو شتانە بوو كە لە بارسێلۆنا ئەزموونم كرد، هەموو یادگارییەكان چیرۆكێكی جوانی هەڵگرتووە.
مێسی لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا گوتی: پەیامم بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا و هەموو ئەوانەی تۆپی پێیان خۆشدەوێت پێیان دەڵێم زۆر بیری گەڕانەوەم بۆ بارسێلۆنا دەكەم، بەوپەڕی تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی تەواوبوونی یاریگەی كامپ نوو دەكەم، لێرە لە بارسێلۆنا خانوومان هەیە و پلانمان هەیە كە رۆژێكدا بێت بگەڕێینەوە و لێرە بژینەوە، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی هەمیشە خۆشەویستیان پێبەخشیوم و پشتگیرییان كردووم، هیچ شتێكم بۆیان نییە، جگە لەوەی پێیان دەڵێم لە دڵەوە سوپاسیان دەكەم.

لیۆنێل مێسی لە وەڵامێكی دیكەی رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنیا، هێمای بۆ ئەوە كرد زۆر بەتامەزرۆییەوە چاوەڕوانی مۆندیالی 2026 دەكەم، دەشڵێت: نامەوێت ببمە بارگرانی لەسەر هەڵبژاردەی نیشتیمانی وڵاتەكەم، بەگوێرەی دۆخی جەستەییم دەمەوێت پاڵپشتی وڵاتەكەم بكەم.

لیۆنێل مێسی لە هاوینی 2002 پەیوەندی بە ئەكادیمیای لاماسیای تایبەت بە بارسێلۆنا كرد، لەگەڵ بارسێلۆنا هەموو نازناوە بە كۆمەڵەكانی بردەوە، لە كۆی 778 یاری، 672 گۆڵ و 303 ئاسیستی كرد.

 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment