هەسەدە خواستی تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سووریا ڕادەگەیەنێت

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) خواستی فەرمی خۆیان بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سووریا ڕاگەیاند. ئەمەش لە کاتێکدایە دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق "بە خێرایی بەرەوپێش دەچن".

مەحمود حەبیب، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلعەرەبییە" ڕایگەیاند: "زۆر ئاساییە بۆ ئێمە کە پۆست لەناو سوپای سووریادا وەربگرین." 

هاوکات، ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەختی کردووەتەوە بەم نزیکانە شاندێکیان دەگاتە دیمەشق و هیچ پاشگەزبوونەوەیەک لە ڕێککەوتنی 10ـی ئادار، کە لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی وسوریا واژۆ کراوە، نابێت.

لای خۆیەوە بەدران چیا کورد، جێگری هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆسەر، ئاشکرای کرد، لێکگەیشتنێکی زارەکی لەگەڵ دیمەشقدا هەیە سەبارەت بە میکانیزمی تێکەڵکردنی هێزەکان. لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا ڕایگەیاند، پرۆسەی یەکگرتنەوەکە نەک تەنیا هێزەکانی هەسەدە، بەڵکو دامەزراوە مەدەنی، خزمەتگوزاری و سیاسییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش دەگرێتەوە.

پێشتر، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، پابەندبوونی خۆی بە یەکخستنی هێزەکانی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا دووپاتکردبووەوە. عەبدی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە سووریا، باسی لە ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی نێوان ئەحمەد شەرع و سەرۆکی ئەمەریکای لە کۆشکی سپی کردبوو و جەختی لە "پابەندبوونیان بۆ خێراکردنی یەکگرتنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ دەوڵەتی سووریا" کردبووەوە.

ڕێککەوتنی 10ـی ئادار چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، لەوانە: یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی هەسەدە بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو، ڕەتکردنەوەی بانگەوازەکانی دابەشبوون، هاوبەشیکردن لە داهاتی نەوت، بەڕێوەبردنی هاوبەشی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامشلۆ، و داننان بە مافەکانی پێکهاتەی کورد لە چوارچێوەی سووریادا.

لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئاشکرای کردووە، ئەسعەد شەیبانی لەگەڵ هاوتا ئەمەریکی و تورکەکانیدا کۆبووەتەوە و ڕێککەوتوون لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار.

وەک هەنگاوێکی کرداریش بۆ نیشاندانی نیازپاکی، هەسەدە نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر لیستێکی 70 کەسی لە سەرکردە ئافرەتان و پیاوەکانی یەکینەکانی پاراستنی ئافرتان (یەپەژە) پێشکەشی دیمەشق کردووە بۆ وەرگرتنی پۆست لە وەزارەتی بەرگری و سوپای سووریا.

 
Fly Erbil Advertisment