سووریا بە فەرمی بووە ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش

سێنتکۆم: زیاتر لە 22 ئۆپەراسیۆنمان لە سووریا دژی داعش ئەنجامدا

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە سووریا، لە ماوەی نێوان ١ی تشرینی یەکەم تا 6ـی تشرینی دووەمی2025، بەشدارییان لە زیاتر لە 22 ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعشدا کردووە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا 5 ئەندامی داعش کوژراون و 19 کەسی دیکەش دەستگیرکراون.

ئەم چالاکییە سەربازییانە هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و ئەمەریکادا. لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، سووریا بە فەرمی پەیوەندیی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعشەوە کردووە. باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە دیمەشق ئەم هەنگاوەی بە "خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی سووریا و جیهان لە دژی تیرۆر" وەسف کردووە. حکوومەتی سووریا ڕوونیکردووەتەوە، بەشداریکردنەکەیان ئێستا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سیاسییدایە و بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا ناکەن.

ئەم پێشهاتە سیاسییە دوابەدوای سەردانێکی مێژوویی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی دێت کە لە 10ـی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو. ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکێکی سووریایە بۆ کۆشکی سپی و ئاماژەیەکە بۆ قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment