پارێزبەندی تاهەتایە درایە سەرۆکی پاکستان و سەرکردەی سوپا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2025، پەرلەمانی پاکستان هەموارکردنەوەی دەستووری پەسەند کرد، کە پارێزبەندی تاهەتایی دایە سەرۆکی وڵات و سەرکردەی سوپا، واتە ئەم دووانە لە لێپێچینەوە دەبەخشرێن، ئەم هەنگاوەش لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی پاکستانەوە بە لێدانێکی کوشندە لە دیموکراسی وەسف دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2025، پەرلەمانی پاکستان رایگەیاند، بڕگەی 27ـی دەستووری بە زۆرینەی دەنگی دوو لەسەر سێی کۆمەڵەی نیشتمانی و ئەنجوومەنی پیران پەسەندکرا، کە دەسەڵاتی فراوانتر بە سەرۆکی وڵات 'ئاسف عەلی زەرداری' و  سەرکردەی سوپا عاسم مونیر دەبەخشێت و ڕۆڵ و سەربەخۆیی دادگای باڵای وڵاتەکەش سنووردار کرا.

چاوەڕوان دەکرێت یاسا هەموارکراوەکە لەلایەن سەرۆکی پاکستانەوە واژۆ بکرێت تاوەکوو بچێتە بواری جێبەجێکردن، بەم یاسایە پۆستێکی نوێ بە ناوی "فەرماندەی هێزەکانی بەرگری" دەدرێتە عاسم مونیر، سەرۆکی سوپا و کە دەسەڵاتەکانی لە سەرووی دەسەڵاتی فەرماندەکانی هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانییەوەیە. 

هەروەها مەرجدارە هەرکەسێک پلەی "مارشاڵ"ـی پێبدرێت کە بەرزترین پلەی سەربازییە لە پاکستان، پلە و ئیمتیازەکانی بۆ تاهەتایە دەهێڵێتەوە و پارێزبەندی پیدەدرێت و لە لێپێچینەوە دەبەخشرێت، کە لە مانگی ئایاسری ڕابردوودا بە مونیر عاسم مونیر درا.

لە هەموارکردنەکەدا دادگایەکی نوێی فیدراڵی دەستووری دادەمەزرێنرێت، کە تاکە دەزگای تایبەت دەبێت دەربارەی دەستوور، بەمەش دادگای باڵا دەسەڵاتەکانی لێسەندراوەتەوە و سەربەخۆییەکەی سنووردار دەبێت.

سوپای پاکستان بەهێزترین دامەزراوەی وڵاتەکەیە، لە دوای سەربەخۆیی پاکستان لە ساڵی 1947ەوە تا ئێستا زۆرترین کات فەرمانڕەوایی وڵاتی بەدەستەوە بووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment