نەتەوە یەکگرتووەکان: شەڕ منداڵانی غەززەی تووندوتیژ کردووە

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: شەڕ بووەتە هۆی ئەوەی منداڵانی کەرتی غەززە نیشانەی ڕەفتاری تووندوتیژییان لەسەر دەربکەوێت  بەهۆی نەبوونی  سەقامگیری و ئاسایش.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، بە پشتبەستن بە ئاژانسەکانی چاودێری، ڕایگەیاندووە، هەر 9 لە 10 منداڵی غەززە، نیشانەی ڕەفتاری تووندوتیژییان بەسەرەوە دیارە  کە هۆکارەکەی بۆ دوو ساڵ شەڕی بەردەوامی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەگەڕێتەوە.

ئاژانسەکان هۆشدارییان داوە لەوەی، هەستی سەقامگیری و ئاسایش لای منداڵانی غەززە لاواز بووە بەهۆی نەمانی خزمەتگوزاریی ڕۆژانە، لە کاتێکدا کارمەندانی مرۆیی جەخت دەکەنەوە کە منداڵانی غەززە پێویستیان بە هەوڵی بەردەوام و درێژخایەن هەیە، بۆ چاکبوونەوە لەم دۆخەی تێیکەوتوون.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی هەڵسەنگاندنی هاوبەشانی پاراستنی منداڵ کە لە مانگی ئەیلوول ئەنجامدراوە و لەلایەن نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA) ەوە بڵاوکراوەتەوە، 93%ـی منداڵان ڕەفتاری تووندوتیژییان لێ دەرکەوتووە، 90%ـی ئەو منداڵانە، تووندوتیژییان بەرانبەر منداڵانی بچووکتر لەخۆیان نیشانداوە.

هەروەها ڕوونیشی کردەوە،  خەم و دوورەپەرێزی بە ڕێژەی 86%  لەنێو منداڵانی غەززەدا هەیە، هەروەها 79%ـی منداڵەکان دووچاری کێشەی تێکچوونی خەو بوونەتەوە و بە ڕێژەی 69%ـی منداڵانیش نایانەوێت بچنەوە بەر خوێندن.

هاوبەشانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری یارمەتیدانی منداڵان لە کەرتی غەززە ڕایانگەیاندووە، ئەم منداڵانە بەدەست خەمێکی زۆر، گۆڕانکاریی لە ڕەفتار و زیادبوونی نیگەرانی بەهۆی نەبوونی شوێنی حەوانەوەی ئارام، دەناڵێنن.

لە ماوەی چوار هەفتەی دوای ئاگربەست، هاوبەشە مرۆییەکان خزمەتگوزاری پاراستنی منداڵانیان بۆ زیاتر لە 132 هەزار کەس لە سەرتاسەری کەرتی غەززە دابین کردووە کە بەگوێرەی  نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA) نزیکەی 1600 منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت و 45 هەزار کەسی چاودێر دەگرێتەوە. 

یارمەتییەکان ڕاوێژکاری دەروونی ، دانیشتنی چارەسەریی بە کۆمەڵ ، چالاکی بۆ بەڕێوەبردنی سترێس، پاڵپشتی دەروونی  و ئاراستەکردن بۆ یارمەتی زیاتر لەخۆ دەگرێت.

ئامانج ئەوەیە کە مانگانە بە زیاتر لە 100هەزار منداڵ بگەن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ لە کەرتی غەززەدا.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment