ئەمەریکا سیستەمێکی بێتەلی سەربازیی بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار بە عێراق دەفرۆشێت

ئەمەریکا ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی سیستەمێکی تایبەت بە باشتر کردنی پەیوەندییە بێتەلەکان، بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بە عێراق دەربڕی، کە تواناکانی ئەو وڵاتە بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا باشتر دەکات.

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەت ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی سیستەمی کەنتری واید ڕیپیتەر، بەشێک لە کەلوپەلەکانی کە سیستەمی پەیوەندی سەربازیی و باشتر کردنی پەیوەندییە بێتەلەکانە، بە عێراق دەربڕیوە.

ئاژانسی هاریکاریی ئاسایشی بەرگری (DSCA) لە ڕاگەیەندراوێدا ئاماژەی داوە، سیستەمەکە بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بە عێراق دەدرێت. ڕاشیگەیاندوە: ئەم فرۆشتنە پێشنیازکراوە تواناکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی عێراق باشتر دەکات و بەرگرییەکەی لە دژی هەڕەشە هەرێمییەکان، پاراستنی سنوورەکانی، ژێرخانی وزە و دانیشتووانەکەی بەهێزتر دەکات، هاوکات بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمەریکاش دەپارێزێت.

ئەو ئاژانسە ئەمەریکییە باسی لەوەش کردووە، عێراق هیچ کێشەیەکی لە وەرگرتنی ئەم کەرەستە و خزمەتگوزارییانەدا نابێت بۆ ناو هێزە چەکدارەکانی.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، عێراق "بۆ پشتگیریکردن لە سیستەمەکە داوای کڕینی چەندین تەکنۆلۆژیای وەک خاڵەکانی دەستڕاگەیشتن بە ڕادیۆ (RAP)، سیستەمی دووبارەکردنەوەی ڕادیۆیی و چەندین کەلوپەلی دیکەی لە ئەمەریکا کردبوو.

ئاژانسی DSCA ئەوەشی خستووەتەڕوو، جێبەجێکردنی فرۆشتنە پێشنیازکراوەکە پێویستی بەوەیە کە دوو نوێنەری حکوومەتی ئەمەریکا و پێنج نوێنەری بەڵێندەری ئەمەریکی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە عێراق بن بۆ پشتیوانیکردنی بەڕێوەبردنی بەرنامە، پێشکەشکردنی ڕاوێژی ئەندازیاری و هەڵسەنگاندنی تەکنیکی بۆ نوێکردنەوەی کەلوپەلەکان و ڕاهێنانی ناوخۆیی. هاوکات ئاژانسەکە ڕۆژی پێنجشەممە کۆنگرێسی لە فرۆشتنە ئەگەرییەکە ئاگادار کردووەتەوە و کۆمپانیای کۆرپەرێیشن هاریس 3 بەڵێندەری سەرەکی دەبێت.

ڕیپیتەر (دووبارەکەرەوە) شەپۆلەکانی ڕادیۆ وەردەگرێت و بەهێزیان دەکات، پاشان بە ناوچەیەکی زۆر فراوانتردا دووبارە بڵاویان دەکاتەوە. کاتێک ڕیپیتەرەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا پێکەوە دەبەسترێنەوە، تۆڕێکی پەیوەندیی سەرتاسەری دروست دەکەن.

ئاژانسی DSCA بەشێکە لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و لەژێر دەسەڵاتی پێنتاگۆندایە، ئەم ئاژانسە کاروباری هاریکاریی سەربازیی ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەڕێوە دەبات.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment