ئیندۆنیزیا ئامادەیە 20 هەزار سەرباز بنێرێتە غەززە

وەزیری بەرگریی ئیندۆنیزیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی نزیکەی 20 هەزار سەربازی بۆ بەشداریی لە پلانی ئاشتی لە غەززە ئامادە کردووە، کە ئەرکەکانیان زیاتر لە بواری تەندروستی و ئاوەدانکردنەوەدا دەبێت.

هەینی 14ـی تشرینی دووەمی 2025، شەفری شەمسەدین، وەزیری بەرگریی ئیندۆنیزیا، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایشی غەززە و بەشێک لە هێزی نێودەوڵەتی نزیکەی 20 هەزار سەربازمان ئامادە کردووە، بەڵام ئەرکەکانیان لە چوارچێوەی تەندروستی و ئاوەدانکردنەوەدا دەبێت. ئاماژەی بەوەش دا، چاوەڕێی ئەو دەرفەتانەن کە ئیندۆنیزیا بتوانێت لە هەوڵەکانی ئاشتی غەززە ڕۆڵی تێدا بگێڕێت.

هەرچەندە وەزیری بەرگری کاتی ناردنی هێزەکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام جەختی کردەوە بڕیارەکە لەلایەن سەرۆک پرابۆوۆ سوبیانتۆ دەدرێت.پێشتر سوبیانتۆ لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوول ڕایگەیاندبوو، ئەگەر بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەوە هەبێت، ئیندۆنیزیا ئامادەیە 20 هەزار سەرباز یان زیاتر بنێرێتە غەززە.

هەروەها پێشتر ئیندۆنیزیا چەندین جار بانگەشە بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل کردبوو، زۆر جاریش ئیدانەی توندوتیژییەکانی ئیسرائیلی لە غەززە کردووە و هاوکاری مرۆیی ناردووە، هەروەها هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە.

ئیندۆنیزیا، وەک گەورەترین وڵاتی موسڵمان لە جیهاندا، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گفتوگۆی لەگەڵدا کردووە سەبارەت بە پلانەکانی پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی غەززە، کە ئازەربایجان، میسر و قەتەریش لە خۆ دەگرێت.

هەفتەی ڕابردوو، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردبووە، واشنتن ڕەشنووسێکی بۆ ئەو هێزانە ئامادە کردووە کە لە پرۆسەی ئاشتی بەشدار دەبن، کە هەموو دەسەڵاتێکی پێویست دەداتە ئەو هێزانە بۆ ئەوەی بتوانن حەماس لە چەک داماڵینن سنوورەکان و ژیانی هاووڵاتییان بپارێزن، هاوکارییەکان بگەیەنن، هەروەها بۆ پشتیوانی لە هێزێکی پۆلیسی فەڵەستینی کە تازە ڕاهێنانیان پێدەکرێت.

ئەمەریکا، قەتەر، میسر، ئیمارات، سعوودییە، ئیندۆنیزیا، پاکستان، ئوردن و تورکیا، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش دا داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد بەپەلە  پلانی ئاشتیی لە غەززە بە سەرپەرشتی ئەمەریکا قبووڵ بکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتیی غەززە بەڕێوە چوو و هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیاییان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.

 
 
Fly Erbil Advertisment