هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاشتی لە غەززە چڕ دەبنەوە

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاریدا هەڵسەنگاندن بە ڕەشنووسی ئەمەریکا لە بارەی پلانی سەرۆکی وڵاتەکەی بۆ ئاشتی لە غەززە بکات، ئەمەریکا و ژمارەیەک وڵاتانی ئیسلامی و ناوچەکە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوا لە ئەنجوومەنەکە دەکەن ڕەشنووسەکە قبووڵ بکەن و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە خێراتر بکەن.

ئەمەریکا، قەتەر، میسر، ئیمارات، سعوودییە، ئیندۆنیزیا، پاکستان، ئوردن و تورکیا، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشییان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەیان داوە، پشتیوانیی هاوبەشی خۆیان بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنووسی ئەمەریکا تایبەت بە ئاشتی لە کەرتی غەززە لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەردەبڕن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو بڕیارە پشتیوانی لە پلانی گشتگیری مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەکات کە لە 29ی ئەیلوول ڕاگەیەندرا و لە شەرم شێخ ئاهەنگی بۆ گێڕدرا و پەسەند کرا.

هەروەها باسیشیان لەوە کردووە، ئەو ڕاگەیەندراوەیان وەک وڵاتانی ئەندام و بەشدار لە دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە غەززە بڵاو کردووەتەوە، کە ڕێگایەک بۆ مافی چارەی خۆ نووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی پێشکەش دەکات.

جەختیش دەکەنەوە، ئەمە هەوڵێکی دڵسۆزانەیە و پلانەکە ڕێڕەوێکی کردەیی بۆ ئاشتی و سەقامگیری دابین دەکات، نەک تەنیا لەنێوان ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان، بەڵکوو بۆ تەواوی ناوچەکەش، بۆیە بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی پەسەندکردنی ئەم بڕیارەین.

هاوکات بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پلانی هەیە لە ماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ خەلیل حەییە، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حەماس کۆببێتەوە.

دوێنێ پێنجشەممە، ئەمەریکا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە بۆ ئاشتی لە غەززە یەکبگرن و پلانەکە پەسەند بکەن، هاوکات هۆشداریشی دابوو، ئەگەر بڕیارەکە پەسەند نەکرێت دەرەنجامی زۆر خراپی بۆ فەڵەستینییەکان دەبێت.

باسی لەوەش کردووە، ئەو ئاگربەستەی ئێستا هەیە، بەهێز نییە و ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی هەیە، بۆیە داوا لە ئەنجوومەنەکە دەکەین یەکبگرێت و هەنگاو بنێنن.

هەروەها بەشێکی ئەو ڕەشنووسەی ئەمەریکا بە ئەنجوومەنی ئاسایشی داوە، بەردەستی ئاژانسی فرانس پرێس کەوتووە و تێیدا پێشوازی لە دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئاشتی لە غەززە دەکات، کە دەستەیەکی حوکمڕانیی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە دەبێت و بە شێوەیەکی تیۆری ترەمپ تا کۆتایی ساڵی 2027 سەرۆکایەتی دەکات.

هەروەها بڕیارەکە ڕێگە بە وڵاتانی ئەندام دەدات هێزێکی نێودەوڵەتیی ئاشتیپارێز پێکبهێنن و پۆلیسی نوێی فەڵەستینی، بەمەبەستی یارمەتیدان بۆ پاراستنی ناوچە سنوورییەکان و چەکداماڵینی حەماس لە کەرتی غەززە ڕاهێنانیان پێدەکرێت.

جیاواز لە دوو ڕەشنووسی پێشوو، ئەم ڕەشنووسە ئاماژە بە ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی لە داهاتوودا دەکات، بە مەرجی جێبەجێکردنی چاکسازیی پێویست لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینی و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە.

هەروەها هەر ئەمڕۆ شەفری شەمسەدین، وەزیری بەرگریی ئیندۆنیزیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی نزیکەی 20 هەزار سەربازی بۆ بەشداریی لە پلانی ئاشتی لە غەززە ئامادە کردووە، کە ئەرکەکانیان زیاتر لە بواری تەندروستی و ئاوەدانکردنەوەدا دەبێت.

ڕۆیتەرزش بڵاوی کردووەتەوە، یەکێتیی ئەورووپا بیر لە ڕاهێنان پێدان بە 3000 ئەفسەری پۆلیسی فەڵەستینی دەکاتەوە، ئەمەش لە پێناو پشتیوانی و بەشداریی لە پرۆسەی ئاشتی لە غەززە دەبێت.

 
Fly Erbil Advertisment