بەهۆی دابەزینی یەدەگی نەوتی ئەمەریکاوە نرخی نەوت بەرزبوویەوە
بەهۆی دابەزینێکی بەرچاو و چاوەڕواننەکراوی یەدەگی نەوتی ئەمەریکا، بازاڕەکانی وزەی جیهان، بەرزبوونەوەیەکی نوێی نرخی نەوتیان بەخۆیەوە بینی، لەگەڵ ئەوەشدا پەرەسەندنە جیۆپۆڵەتیکییەکان باڵی بەسەر بازاڕدا کێشاوە کە ئەگەری هەیە کاریگەری لەسەر نەخشەی دابینکردنی وزە هەبێت.
بەگوێرەی داتاکانی مامەڵە بازرگانییەکان، دوێنێ پێنجشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2025، گرێبەستەکانی نەوتی برێنت بۆ ڕادەستکردنی مانگی کانوونی یەکەم، بە ڕێژەی 0.3% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و سەرەتا لە 63.71 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی بەرزبوونەوەکە، دواتر نرخی هەر بەرمیلێک گەیشتە 64 دۆلار، هاوکات نەوتی سووکی تەکساسی ئەمەریکیش (WTI) بە هەمان ڕێژە بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی 59.71 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
پاڵپشتیی سەرەکی بۆ ئەم هەڵکشانەی نرخ، لە نوێترین ڕاپۆرتی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمەریکاوە سەرچاوەی گرت، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە یەدەگی نەوتی خاو بۆ هەفتەی کۆتایی لە 14ـی تشرینی دووەم، بە بڕی 3.4 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە، ئەم دابەزینە بە ڕێژەیەکی زۆر پێچەوانەی پێشبینیی شرۆڤەکاران بوو، کە تەنها چاوەڕێی کەمبوونەوەی 0.6 ملیۆن بەرمیل بوون. شارەزایانی وزە هۆکاری ئەم کورتهێنانە لە یەدەگدا بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەی نەوتی ئەمەریکا و زیادبوونی چالاکیی پاڵاوگەکان دەگەڕێننەوە.
سەرەڕای ئەم ئاماژە ئەرێنییانە بۆ بازاڕی نەوت، چەند هۆکارێک ڕێگرییان لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان کرد و مەودای قازانجەکانیان سنوردار کرد، لە سەرووی هەموویانەوە تۆمارکردنی زیادبوونێکی چاوەڕواننەکراو لە یەدەگی بەنزین بە بڕی 2.3 ملیۆن بەرمیل، کە نیگەرانیی لەبارەی لاوازیی خواستی ناوخۆیی لێکەوتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بازاڕەکان بە وریاییەوە چاودێریی دۆخی جیۆپۆڵەتیکی دەکەن، بەتایبەت ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ بۆ تاوتوێکردنی دەستپێشخەرییەکی نوێی ئاشتی لە ئۆکرانیا، ئەمە جگە لەو ترسەی کە بەهۆی چاوەڕوانیی جێبەجێکردنی سزای نوێی ئەمەریکا بەسەر کۆمپانیاکانی وزەی ڕووسیادا دروست بووە.
ئێستا بازاڕەکان لە دۆخی چاوەڕوانیدان بۆ هەر ئاماژەیەکی نوێ سەبارەت بە ئاستی خواستی جیهانی و ئاراستەی بڕیارەکانی داهاتووی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، بەتایبەت لە سایەی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کاریگەرییان لەسەر هاوکێشەی خستنەڕوو و خواست هەیە.
