ئیسرائیل کەسی دووەمی حزبوڵڵای کردە ئامانج

تەقینەوەیەکی بەهێز گەڕەکی حەریکی باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنانی هەژاند و سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند:  لەو هێرشەدا یەکێک لە دیارترین فەرماندە باڵاکانی بزووتنەوەی حزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج.

بەگوێرەی زانیارییە مەیدانییەکان، هێرشە ئاسمانییەکە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە گەڕەکی حەریک لە باشووری بەیرووتی کردووەتە ئامانج، دەستبەجێ تیمەکانی فریاگوزاری و ئەمبوڵانسەکان بەرەو شوێنی ڕووداوەکە جووڵێنراون بۆ گواستنەوەی قوربانییەکان.

لەم بارەیەوە میدیاکانی ئیسرائیل، بەتایبەت ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنووت، ئاشکرایان کردووە کە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە (ئەبو عەلی تەبتەبائی) بووە، کە بە کەسی دووەم و فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی حزبوڵڵا دادەنرێت، تەبتەبائی کەسایەتییەکی کاریگەری نێو بزووتنەوەکەیە و پێشتر سەرپەرشتی و فەرماندەیی هێزەکانی حزبوڵڵای لە سووریا و یەمەن کردووە، هەروەها لە ساڵی 2016ـەوە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە ناوی لە لیستی تیرۆردا تۆمار کراوە.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە نوێیە لە کاتێکدایە کە لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لایەنی لوبنانی بەردەوام ئیسرائیل بە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنە تۆمەتبار دەکات و ئاماژە بەوە دەدەن کە سوپای ئیسرائیل لە پێنج ناوچەی جیاوازی ناو خاکی لوبناندا درێژەی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی داوە.

لای خۆیەوە ڕۆدۆڵف هەیکەل، فەرماندەی گشتیی سوپای لوبنان، لە ساڵیادی سەربەخۆیی وڵاتەکەیدا نیگەرانیی خۆی نیشان داوە و ڕایگەیاندووە کە بەردەوامیی جووڵە سەربازییەکانی ئیسرائیل و مانەوەیان لە ناو خاکی لوبنان، بووەتە ڕێگر لەبەردەم بڵاوەپێکردنی هێزە سەربازییەکانی لوبنان لە ناوچە سنوورییەکان بە مەبەستی پاراستنی سەروەریی خاکەکەیان.

 

 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment