ڕێباز حەملان: تاوەکوو ئێستا 11 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتمان لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە
یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، وەزیری دارایی عێراق ناردنی پارەی هەرێمی بەستووەتەوە بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆیانەوە و ئەمەش بە "زوڵم و کارتی فشار" وەسف دەکات، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە هەرێم سەرجەم پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە.
دووشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2025، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: تەئیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاندووە تاوەکوو مووچەی فەرمانبەرانی خۆیان دابەش نەکەن، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێرێن، کە بڕیارە سێ ڕۆژی دیکە دابەشی بکەن.
ئاماژەشی دا، حکوومەتی عێراق لە نەناردنی مووچەی فەرمانبەران بەرپرسیاریی یەکەم، ئەوان هەمیشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەک کارتێکی فشار بەکارهێناوە، ئەمەش زوڵمێکی گەورەیە.
یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، هەر وەک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و فشارێکی زۆریش لە عێراق دەکات، بۆیە پێویستە حکوومەتی فیدراڵی ئەو چوار مووچەی ماوە بنێرێت.
هەروەها ڕێباز حەملان لە بارەی پابەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی:هاوکات هەناردەکردنەوەی نەوت دەستی پێکردووەتەوە، کە داهاتەکەی دەگەڕێتەوە بەغدا، کە لە 29 ئەیلوولی تاوەکوو ئێستا 11 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە.
ئاماژەشی دا، لە 19ی تشرینی دووەم 120 ملیار دینارمان بۆ بەغدا نارد. هەروەها لیستی مووچەی مانگی نۆ نێردراوە و ئەمڕۆش شاندێکی هەرێم لیستی مووچەی مانگی دەی بۆ بەغدا بردووە و سبەیش لێکۆڵینەوە لە دواکەوتنی مووچەی مانگی نۆ دەکەن.
هەر لەو بارەوە دەشڵێت: بانکی ناوەندی لقی هەولێر بەردەوام سیولەیان بەشی سێ مووچە لە بەردەستە، بۆیە ئەمەش نابێتە کێشە، باسی لەوەش کرد، لەو مووچەی حکوومەتی فیدراڵ دابینی دەکات بە ڕێژەی %75 هەرێمی کوردستان خۆی لە داهاتی نانەوتی و نەوتی دابینی دەکات، ئەوان تەنیا نزیکەی 270 ملیار دینار دابین دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو مانگێک لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە داهاتی ناوخۆ 42 ملیار دینار دەدرێتە ئەو کۆمپانیایانە گرێبەستییان لەگەڵ کراو و عێراق پارەکەیان نانێرێت.
