سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل دەکات
موحسین ڕەزایی ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند، ئیسرائیل وا بیر دەکاتەوە بە کوشتنی سەرکردەکانی مقاوەمە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت، بەڵام لە مەرگی خۆی نزیک دەبێتەوە.
موحسین ڕەزایی، لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی نۆ ڕووفاتی سەربازانی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران–عێراق، لە شاری کرمان لە گوتارێکدا گوتی: فەرماندەکانی بەرەی قوماوەمە حکوومەت یان سەر بە حکوومەت نین، بەڵکو فەرماندەی نەتەوەیی و خەڵکی چەوساوەن، بۆیە ناکرێت کوژرانیان بۆ گەلانی چەوساوە گرنگ نەبێت.
گوتیشی: ئیسرائیل هەڵەیە ئەگەر وا دەزانێت بە کوشتنی فەرماندە و بەرپرسانی لوبنان و ئێران، خەڵکی ئەو دوو وڵاتە خۆیان ڕا دەست دەکەن، بەڵکو بە کوشتنی هەر فەرماندەیەکی ئەو دوو وڵاتەکە، ئیسرائیل لە مەرگی خۆی نزیک دەبێتەوە.
بە گوتەی موحسین ڕەزایی ئێستا لوبنان زۆر زیاتر لە سەردەمی حەسەن نەسروڵڵا بەهێزتر بووە، ڕاشیگەیاند، هەرچەندە ئێران هیچ مەبەستێک بەسەر گەلان ناسەپێنێت، بەڵام ئارامگرتنی بەرەی موقاوەمەش سنووری هەیە و دەبێت پێداچوونەوەیەک بە ستراتیژی موقاوەمەدا بکرێت، ئەگەرنا ئیسرائیل دەرفەتەکان دەقۆزێتەوە، هەربۆیە دەبێت کۆتایی بەم خاڵە بهێنرێت، کە بێگومان بەرەی موقاوەمەی لوبنان بڕیاری خۆی دەبێت.
لای خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران بەڵێنی دا تۆڵەی کوشتنی هەیسەم عەلی تەباتەبایی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حزبوڵڵا لە ئیسرائیل بکاتەوە و جەختی کردەوە "لە کاتی دیاریکراودا وەڵامێکی بەهێزێمان دەبێت".
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە، سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کوشتنی تەباتەبایی لە گەڕەکی باشووری بەیرووت ئیدانە کردووە و ئۆپەراسیۆنەکەی بە "تاوانێکی دڕندانە" وەسف کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئۆپراسیۆنەکە "پێشێلکردنی ئاگربەستە" و دەڵێت: "مافی بەرەی مقاوەمە و حزبوڵڵای لوبنان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە خوێنی شەهیدان پارێزراوە و هێرشکارانیش لە کاتی گونجاودا ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند دەبێتەوە".
ڕۆژی یەکشەممە، ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا هەیسەم تەباتەبایی کوشت، بە گوتەی دەسەڵاتدارانی لوبنان گیانلەدەستدانی پێنج کەسی لێکەوتەوە. ئەمە پێنجەمین هێرش بوو بۆ سەر گەڕەکی باشووری بەیرووت لە دوای ئەوەی ساڵێک لەمەوبەر ڕێککەوتنی ئاگربەست چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: "هێزی ئاسمانی هێرشێکی لە ناوچەی بەیرووت ئەنجامدا و بووە هۆی کوژرانی هەیسەم عەلی تەباتەبایی، سەرۆکی ئەرکانی حزبوڵڵای لوبنان". هاوکات حزبوڵڵا ماتەمینی بۆ چوار ئەندامی خۆی گێڕا کە هاوشانی تەباتەبایی لە هەمان هێرشدا کوژران.
لەلایەکی دیکەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکەی بە "ورد و سەرکەوتوو" وەسف کرد و جەختی کردەوە "دەوڵەتی ئیسرائیل ڕێگە بە حزبوڵڵا نادات هێزی خۆی بنیات بنێتەوە یان جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل بکات"، هەروەها داوای کرد، حکوومەتی لوبنان "پابەندبوونی خۆی بە چەکداماڵینی حزبوڵڵا جێبەجێ بکات".
لای خۆیەوە حکوومەتی لوبنان بەردەوامە لە ئیدانەکردنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل، لەنێویاندا بەردەوامیی داگیرکردنی پێنج پێگەی ستراتیژی لە باشووری لوبنان، سەرەڕای ئەوەی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستدا مەرجی کشانەوەی ئیسرائیل لەو ناوچانە دیاری کراوە لە کاتی جەنگدا پێشڕەویی تێدا کردبوون.
بەگورەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لەدوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەوە تا ئێستا زیاتر لە 331 کەس کوژراون و 945 کەسی دیکەش بریندار بوون.
