تاڵیبان: لە هێرشێکی ئاسمانیی پاکستاندا 10کەس کوژران
گوتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاند، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ، شەوی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان بۆردومانی خاکی ئەفغانستانیان کرد و بەهۆیەوە لانیکەم 10 کەس کوژران، کە نۆیان منداڵن.
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی تاڵیبان لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "شەوی ڕابردوو لە دەوروبەری کاتژمێر 12:00، لە پارێزگای خۆست فڕۆکەکانی پاکستان ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییان بۆردومان کرد و بەهۆیەوە نۆ منداڵ (پێنج کوڕ و چوار کچ) و ژنێک گیانیان لەدەست دا". ئاماژەی بەوەش کرد، لە پارێزگا سنوورییەکانی "کونار" و "پەکتیکا"ش هێرشی هاوشێوە کراوە و چوار کەس بریندار بوون.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان گرژییەکانی نێوان کابل و ئیسلام ئاباد ڕووی لە زیادبوون کردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی تەقینەوەیەکی خۆکوژی بارەگایەکی هێزە ئەمنییەکانی پاکستانی لە شاری "پشاوەر" کردە ئامانج و تا ئێستاش هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
هەروەها ڕۆژی 11ـی ئەم مانگە، تەقینەوەیەکی دیکەی خۆکوژی لە نزیک دادگایەک لە ئیسلام ئاباد ڕووی دا و بووە هۆی کوژرانی 12 کەس. دوای ڕووداوەکەش پاکستان لایەنە ئەفغانییەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لەنێو خاکی ئەفغانستانەوە پلانیان بۆ هێرشەکە داناوە.
پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە نزمترین ئاستی ساڵانی ڕابردوو، بەتایبەت دوای پێکدادانە سنوورییەکانی مانگی ڕابردوو، بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 70 کەس لە هەردوولا. هەرچەندە دواتر ئاگربەستێکی لەرزۆک ڕاگەیەندرا، بەڵام بەهۆی تۆمەتبارکردنی یەکترەوە، مەرجەکانی ئاگربەستەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکراون.
