13 ملیۆن كەس دەنگیان بۆ خەڵاتەكانی زە بێستی ئەمساڵ داوە
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 13 ملیۆن کەس بۆ خەڵاتەکانی زەبیست دەنگیان داوە، کە هاندەرانی زاخۆ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵ بەربژێرکراون و لە کوردستان گەورەترین کەمپەین بۆ دەنگدان بە هاندەرانی زاخۆ بەردەوامە.
فیفا لە بەیاننامەکەی رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 13 ملیۆن کەس بۆ خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵ دەنگیان بەو نۆ خەڵاتە داوە کە لەلایەن فیفاوە بەربژێرەکانیان ئاشکرا کراون و زۆربەی خەڵاتەکان 25%ـی خاڵەکانیان بە دەنگی هاندەران یەکلا دەکرێنەوە، تەنیا خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵ نەبێت، سەدا سەد بە دەنگی هاندەران یەکلا دەکرێتەوە، کە هاندەرانی زاخۆ و ئالیخاندرۆ سیگانۆتۆی ئەرجەنتینی و مانۆلۆ بۆمبۆی ئیسپانی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەری 2025 بەربژێرن.
تاوەکو کاتژمێر 02:00ـی درەنگانی شەوی هەینی ماوەی دەنگدان ماوە و هاندەران دەتوانن لە رێگای ماڵپەڕی فیفاوە دەنگ بە باشترین هاندەری ساڵ بدەن.
لە خولی ئەستێرەكانی عێراقی وەرزی رابردوو، پێش یارییەكەیان بەرامبەر حدوود، هاندەرانی زاخۆ لە رۆژی 13ـی ئایاری ئەمساڵ، 30 هەزار بووكەڵەیان فڕێدایە نێو یاریگە، دواتر سەرجەم بووكەڵەكانیان كۆكردەوە و بەخشرایە ئەو منداڵانەی بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە، ئەم كارەی زاخۆش لە لایەن فیفا وەكو كارێكی مرۆڤایەتی هەژمار كرا و بە فەرمی هاندەرانی زاخۆ بۆ خەڵاتی باشترین هاندەرانی جیهان بەربژێر كران.
