کاتز مۆڵەتی کۆتایی دەداتە حزبوڵڵا و هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگ لە دژی لوبنان دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، زنجیرەیەک هەڕەشەی نوێی ئاراستەی لوبنان کرد و مەرجی بۆ حزبوڵڵا دانا کە تا کۆتایی ئەمساڵ چەکەکانیان دابنێن.
کەناڵی 7ـی عیبری لە زاری کاتزەوە بڵاویکردەوە: "متمانەمان بەوە نییە حزبوڵڵا خۆی بە ویستی خۆی چەکەکانی دابنێت، بەڵام واشنتن تا کۆتایی ئەمساڵ مۆڵەتی پێداون".
کاتز ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: "ئەگەر تا کۆتایی ساڵ حزبوڵڵا دەستبەرداری چەکەکانی نەبێت، ئەوا جارێکی دیکە بە هێزەوە لە لوبنان کار دەکەین".
ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەتی ئیسرائیل چاو بە ڕێککەوتنی سنووری دەریایی لەگەڵ لوبناندا دەخشێنێتەوە، چونکە بە وتەی ئەو "ڕێککەوتنەکە خاڵی لاواز و کێشەداری تێدایە".
سەبارەت بە دۆخی سنوورەکانی باکوور، کاتز بانگەشەی ئەوەی کرد، "لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا دۆخی ئەمنیی سنوورەکان بەو جۆرە باش نەبووە".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ڕۆژانەکانی بۆ سەر لوبنان، کە تێیدا بنکە و سەرکردەکانی حزبوڵڵا دەکاتە ئامانج، دیارترینیان کوشتنی هەیسەم تەباتەبایی، سەرکردەی باڵای حزبەکە بوو لە باشووری بەیرووت.
