سەرچاوەیەک: هەفتەی داهاتوو لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای دەبرێنە بەردەم دادگا

لاهور شیخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی
لاهور شیخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی

سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، هەفتەی داهاتوو هەر یەکە لە لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و ڕێبوار حامد حاجی غالی، دەبرێنە بەردەم دادگا و دادوەر گوتەیان لێ وەردەگرێت.

چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیویەتی، کە ڕۆژی یەکشەممە یاخوود دووشەمەی هەفتەی داهاتوو، هەر یەکە لە لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، پۆڵاد شێخ جەنگی و ڕێبوار حامد حاجی غالی، دەبرێنە بەردەم دادگا.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، لاهور، پۆڵاد و ڕێبوار لەسەر ئەو دۆسیانەی کە بەهۆیەوە دەستگیر کراون، دادوەر گوتەیان لێ وەردەگرێت.

درەنگانی شەوی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، هێزێکی زۆری یەکێتی کە پێکهاتبوون لە (کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر) بەرەو لالەزار شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل جوڵەی پێ کرا و چواردەوری شوێنەکەیان گەمارۆ دا.

بەرەبەیانی هەینی 22ـی ئابی 2025،  شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی چەکداری کە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و 19ـی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.

 
Fly Erbil Advertisment