ده‌ستكرا به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژەی دروستکردنی پردی نوێی دەربەندی رانیە

بڕی (11) ملیار و (387) ملیۆن دیناری لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ تەرخانکراوە

K24 – هه‌ولێر:

ماوەی چەند رۆژێکە کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی پردی نوێی دەربەندی رانیە - بنگرد دەستیپێکردووە، کە درێژییەکەی (420م)ەو بەدرووستکردن و تەواوبوونی سەرجەم ئەو کێشانە چارەسەر دەبن کە لە پردە کۆنەکەدا ھەبوون.

درووستکردنی پردی نوێی دەربەندی رانیە، لەسەر داواکاری دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بووە، کە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو ئیدارەی راپەڕین بە پارێزگای سلێمانییەوە دەبەستێتەوە و بڕی (11)ملیار و (387) ملیۆن دیناری لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ تەرخانکراوە.

رۆژی 13ی مانگی رابردوو، لە رێورەسمێکدا بەئامادەبونی سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی و وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، دانا عه‌بدولكه‌ریم بەردی بناغەی پردی دەربەندی رانیە دانرا.

ئەم پڕۆژەیە، جگە لە ئاسانکاری زۆر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان و دیمەنێکی سەرنج راکێش، هاوکات لە رووی گەشتیارییەوە بایەخێکی زۆری هەیەو زۆرترین گەشتیار روو لە ناوچەکە دەکەن بەمەبەستی گەشت و سەیران، لە رووی کشتوکاڵ و دارایی و بازرگانیشەوە بایەخی گرنگی هەیەو رێگای مەرزی کێلی بە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە.