یونامی: نابێت دەستدرێژی بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی قبوڵ بکرێت
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، ڕایدەگەیەنێت: ئەو کردەوەیە تەنیا بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری نییە، بەڵکو لێدانە لە بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق و جەخت لەوە دەکاتەوە، نابێت دەستدرێژی بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی قبوڵ بکرێت.
یونامی لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی پەرەسەندنە ئەمنییەکان خستووەتە ڕوو و ئاماژەی بەوە داوە، ئەو هێرشە جگە لەوەی زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق دەگەیەنێت، هاوکات هەڵگری پەیامێکی نەرێنی و مەترسیدارە کە ڕاستەوخۆ دژایەتیی چەمکی فیدراڵیزم دەکات لە وڵاتەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان دەکات ڕێوشوێنی پێویست و گونجاو بگرنەبەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە بکرێت، چونکە بە بڕوای ئەوان هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی بە هیچ شێوەیەک پاساو هەڵناگرێت.
هاوکات یونامی پشتیوانی و دەستخۆشیی خۆی بۆ هەنگاوی پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، بە ئامانجی ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە و ڕادەستکردنیان بە دادگا بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی.
