کۆمپانیایەک ڕێگە بە دایک و باوکان دەدات خەسڵەتەکانی کۆرپەکەیان دەستنیشان بکەن

کۆمپانیایەکی ئەمەریکی بواری تەکنەلۆژیای بۆماوەیی، بانگەشە بۆ پشکنینی بۆماوەیی دەکات و بەڵێن بە دایک و باوکان دەدات پێشبینی باڵای منداڵە چاوەڕوانکراوەکان و ئاستی زیرەکییان، تەنانەت خەسڵەتە ڕووخسارییەکانیشیان بکەن.

بە گوێرەی ماڵپەڕی(نیویۆرک پۆست)، کۆمپانیاکە لەم هەفتەیەدا هەڵمەتێکی گەورەی لە نیویۆرک دەستپێکردووە بە هەڵواسینی پۆستەری گەورە لە وێستگەکانی میترۆدا بە دروشمی: باشترین منداڵ بەدەست بهێنە.

وەک کۆمپانیاکە دەڵێت، ئامانجی هەڵمەتی بەبازاڕکردنەکە ڕەخساندنی هەلە بۆ دایک و باوکان بۆ بونیاتنانی تەندروستییەکی باش بۆ نەوەکانی داهاتوو.

کۆمپانیاکە تەنیا بە ڕیکلامکردن لەناو میترۆکاندا نەوەستاوە، بەڵکو بڵاوکراوەی بانگەشەیی لە بەردەم یەکێک لە گەورەترین لقەکانی فرۆشگای بەناوبانگی (ئەمەریکان ئیگڵ) دابەش کردووە، کە دەستەواژەی: (ئەم منداڵانە خاوەنی بۆماوەی نایابن)ـی لەسەر نووسراوە، وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ ڕیکلامەکەی ئەکتەر (سیدنی سوینی).

تەکنەلۆژیاکە بەڵێنی منداڵێکی نموونەیی دەدات

بەرنامەی باشکردنی بۆماوەکان، خزمەتگوزارییەکە ڕێگە بە دایک و باوکان دەدات شیکاری بۆ کۆرپەلە پیتێنراوەکان لە ڕێگەی پیتاندنی تاقیگەیی(IVF) بکەن و بەراوردیان بکەن بەیەکتر، پاشان گونجاوترینیان هەڵبژێرن لەسەر بنەمای زیاتر لە دوو هەزار نیشاندەری بۆماوەیی.

پشکنینەکان تەنیا سنووردار نین بە ئاشکراکردنی مەترسی نەخۆشییە بۆماوەییەکان، بەڵکو شێوازی دەرەوەی منداڵەکەش لەخۆ دەگرن وەکو، باڵای چاوەڕوانکراوی منداڵەکە، ئاستی زیرەکی، ڕەنگی چاوەکان و ڕەنگی قژ.

بە گوێرەی (نیویۆرک پۆس) ئەمە وای لە زۆرێک لە زانایان و پزیشکان کردووە هۆشداری بدەن لەوەی کە کۆمپانیاکە (دەرگا واڵا دەکات بۆ گەڕانەوەی چەمکی منداڵی دیزاینکراو)، کە بیرۆکەیەکە مێژووەکەی بۆ هەوڵەکانی (چاککردنی نەوە ) (Eugenics)  دەگەڕێتەوە کە لە ڕابردوودا مشتومڕێکی ئەخلاقی گەورەی لێکەوتەوە.

خواستی زۆر لەسەر خزمەتگوزارییەکان

سەرەڕای ڕەخنەی توند، وا دەردەکەوێت هەڵمەتەکە سەرکەوتوو بووە لە ڕاکێشانی سەرنجی زۆری دایک و باوکان کە ئاوات دەخوازن بۆ دروستکردنی باشترین بارودۆخی تەندروستی و ڕووخسار بۆ منداڵەکانیان لە داهاتوودا.

کیان سادقی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بۆ ماڵپەڕە ئەمەریکییەکەی دووپات کردۆتەوە، لەدوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکە، لە 14ی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە، کۆمپانیاکە بازێکی گەورەی لە فرۆشتندا تۆمارکردووە کە گەیشتۆتە  سەدا 1700 .

لە درێژەی قسەکانی بۆ نیویۆرک پۆست سادفی گوتی: مافی هەموو خێزانێکە بزانن کە ئەم ئامرازانەی هەن، سەلامەتن و دەتوانن یارمەتیتان بدەن بۆ ئەوەی بڕیاری ژیرانەتر سەبارەت بە منداڵی داهاتووتان بدەن.

گوتیشی: مەرج نییە هەموو خێزانێک بیەوێت ئەم خزمەتگوزارییە بەکاربهێنێت، ئەوەش ئاساییە، بەڵام مافی هەموو خێزانێکە زانیاری و مافی هەڵبژاردنی هەبێت.

ڕەخنەی توند و نیگەرانیی

لە بەرانبەردا، شارەزایانی ئەخلاقی پزیشکی پێیان وایە، هەڵمەتەکە مەرامێکی بازرگانی هەیە کە ترس و نیگەرانی دایک و باوکان دەقۆزێتەوە و هەوڵ دەدات پرۆسەی منداڵبوون بگۆڕێت بۆ پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنی بازرگانی، لە بری ئەوەی بڕیارێکی سروشتی بێت کە تەنیا پێوەرە تەندروستی و مرۆییەکان حوکمی بکەن.

ئەو شارەزایانە جەخت دەکەنەوە لەوەی، فراوانکردنی مەودای ئەم پشکنینانە بۆ گرتنەوەی زیرەکی و باڵا و خەسڵەتە ڕووخسارییەکان، هەروەها دەرگا  بە ڕووی جیهانێکدا دەکاتەوە کە پێوەرە بۆماوەییەکان دیاریی دەکەن نەک هەمەجۆریی سروشتیی مرۆڤ، ئەمەش هەڕەشە لەسەر لایەنێکی کۆمەڵایەتیی دروست دەکات لە نێوان منداڵە دەستکاریکراوەکان و ئەوانی دیکە کە سروشتین.

سەرەڕای هەموو ڕەخنەکان، کۆمپانیاکە بەردەوامە لە بەرگریکردن لە پرۆژەکەی خۆی و جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەوەی پێشکەشی دەکات دیزاینکردنی منداڵ نییە، بەڵکو تەنیا زانیارییە کە یارمەتی دایک و باوکان دەدات بڕیاری باشتر بدەن.

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment