کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی: نیگەرانییەکانی جیهان برینەکانمان ساڕێژ ناکەن

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بە لێدان لە دڵی ئابووریی کوردستان و تاوانێک دژی مرۆڤایەتی دەزانێت، هۆشداریش دەدات کە بەیاننامە شەرمنەکان چیتر داد نادەن و بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووەتە هۆی بەردەوامیی تاوانەکان.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ 27ی تشرینی دووەمی 2025 بڵاوکراوەتەوە، ئیسماعیل کامل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە توندی سەرکۆنەی ئەو پەلامارەی کرد کە کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و وەک هەوڵێکی نەزۆک و ترسنۆکانە وەسفی کرد. 

بە بڕوای سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ئەم هێرشە تەنیا بۆ سەر بۆرییەک یان کێڵگەیەکی وزە نییە، بەڵکو هەوڵێکی ڕاستەوخۆیە بۆ بڕینی قووتی خەڵک و تێکدانی ئارامیی ناوچەکە و وەستاندنی کاروانی ئاوەدانیی کوردستان.

ڕەوەندی کوردستانی لە پەیامێکی ڕاشکاوانەدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانان ڕایگەیاندووە،  دەبێت جیهان لە تەماشاکەرەوە ببێتە پارێزەری ڕاستەقینە، چونکە بێدەنگی و هەڵوێستی سستی نێودەوڵەتی وەک چرای سەوز وایە بۆ گرووپە لەیاسادەرچووەکان تا درێژە بە تاوانەکانیان بدەن، هەروەها جەختیان کردووەتەوە، ناکرێت هەرێمی کوردستان کە خوێنی بۆ پاراستنی جیهان لە تیرۆر بەخشیوە، ئێستا بە تەنها لەبەردەم ئاگری تیرۆردا بەجێ بهێڵرێت.

لەسەر ئاستی ناوخۆییش، کۆنفیدراسیۆنەکە داوای لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کردووە، ناکۆکییەکان وەلا بنێن، چونکە مووشەکی دوژمن ڕەنگ و بۆچوونی جیاواز ناناسێت و شکۆی هەموو کوردستانییەک دەکاتە ئامانج، ئیسماعیل کامل دڵنیایی داوە وەک ڕەوەندی کوردی لە هەر شوێنێکی جیهان بن، دەنگی مەزڵوومیەتی گەلەکەیان دەگەیەنن و ڕووی ڕاستەقینەی تیرۆریستان ئاشکرا دەکەن.

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ڕێکخراوێکی باڵای کوردستانییە لە دەرەوەی وڵات، کار بۆ کۆکردنەوەی دەنگی کوردانی تاراوگە و گەیاندنی دۆزی کورد بە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان دەکات.

هەڵوێستی ئەم ڕێکخراوە دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، کە سەرچاوەی سەرەکیی وزەی کارەبای هەرێمی کوردستانە، ئەم هێرشە جگە لە زیانی ناوخۆیی، نیگەرانیی لەسەر سەقامگیریی بازاڕی وزەی جیهانیش دروست کردووە، بەوپێیەی ناوچەکە بە ناوەندێکی گرنگی وزە دادەنرێت.

 
Fly Erbil Advertisment