بەغدا بێ زبڵخانەیە و پاشماوەکان بەبێ مەرجی ژینگەیی ژێرخاک دەخرێن
شارەوانی بەغدا ڕایگەیاندووە، هیچ زبڵخانەیەکی گونجاو لە ڕووی ستانداردی ژینگەییەوە لە دەوروبەری شارەکەدا نییە، رۆژانە پاشماوەکان لە دەرەوەی شار ژێر خاک دەخرێن، تاوەکو ئێستا بە بێ مەرجی تەندروستی و ژینگەیی ئەو کارە بەردەوامە.
ئەمڕۆ شەممە 29ی تشرینی دووەمی 2025، عودەی جەندیل، گوتەبێژی شارەوانی بەغدا ڕایگەیاندووە، بەغدا هیچ زبڵخایەکی سەردەمییانەی نییە لە سنووری پایتەخت، ڕۆژانە پاشماوەکان لە ڕێگەی 11 ئۆتۆمبێلەوە دەگوازرێنەوە بۆ زبڵدانەکانی دەرەوەی شار، لەوێ لە ناوچە نزمەکاندا ژێر خاک دەخرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شارەوانی چاودێری کارەکانی زبڵدانەکان دەکات بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بە ستانداردە ژینگەییەکان، بەڵام لە ڕووی تەندروستی و ژینگەییەوە ئەم کارە دروست نییە، بۆ کەمکردنەوەی مەترسیەکانی ئەو پاشماوانە دەبێت زبڵخانەیەکی مۆدێرن دروست بکرێت، هەروەها کاری دووبارە بەکارهێنانەوەی ئەو پاشماوانەی دەتوانرێت بەکاربهێنرێنەوە.
باسی لەوەکردووە، دوو پارچە زەوی لە ناوچەی نەهرەوان و ئەبوغرێب بۆ دروستکردنی زبڵخانەیەکی مۆدێرن دەستنیشان کراوە، وا بڕیارە لە ڕێگەی کۆمپانیاییەکی چینییەوە پرۆژەکە جێبەجێ بکرێت، کە زبڵخانەیەک بە سیستەمی پێشکەوتوو لەخۆدەگرێت، هەروەها لە ئەنجامی سووتاندنی پاشماوەکان کارەبا بەرهەم دەهێنرێت.
ڕوونیشیکردەوە، کارگەکان بە وزەی پاک کاردەکەن، بە توانای سووتاندنی 3 هەزار تۆن پاشماوەی ڕۆژانە بۆ بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات کارەبا، هەروەها لە هەوڵدان بۆ داڕشتنی پلانێکی گشتگیر بۆ دامەزراندنی کارگەیەکی دیکەی ڕیسایکلینی پاشماوە لە ئەبوغرێب، چونکە لە سنووری شارەوانی بەغدا ڕۆژانە لە نێوان 9 بۆ 10 هەزار تۆن پاشماوە کۆدەکرێتەوە.
پێچەوانەی بەغدا، لە شاری هەولێر، ماوەی چەندین ساڵە زبڵخانەی ( کانی قرژاڵە ) لە سەر ڕووبەری 300 دۆنم زەوی بە شێوازێکی سەردەمییانە دروستکراوە، رۆژانە جگە لە ژێر خاک خستنی زیاتر لە دوو هەزار تۆن پاشماوە، زیاتر لە 80 بیر بە بۆری لێدراوە بۆ هاتنە دەرەوەی گازی قەتیسبوو لە ژێر زەوی، ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین ئەو ڕێکارە نوێییانەی کە ئێستا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسی پاشماوەکان و گازە زیانبەخشەکان جێبەجێ دەکرێت.
