ئەمەریکا بەپەلە داوای بۆمبە نەتەقیوەکەی لە لوبنان دەکاتەوە
ئەمەریکا داوا لە حکوومەتی لوبنان دەکات بۆمبێکی ڕادەست بکاتەوە کە ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی فەرماندەیەکی حزبوڵڵا بەکاریهێنابوو، بەڵام نەتەقیوەتەوە.
ڕۆژنامەی "جێروسالم پۆست" بڵاویکردووەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی حکوومەتی لوبنان کردووە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی بۆمبێکی جۆری "جی بی یو-39" کە سوپای ئیسرائیل ئاراستەی بەیرووتی کردبوو، بەڵام نەتەقیوەتەوە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، سوپای ئیسرائیل بۆمبەکەی ڕۆژی یەکشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2025، لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی هەیسەم عەلی تەبتەبائی، کە وەک سەرۆک ئەرکانی حزبوڵڵای لوبنانی ناسرابوو، لە باشووری بەیرووت بەکارهێنابوو، بەڵام نەتەقیوەتەوە. بۆیە ئەمەریکییەکان ترسیان لێ نیشتووە، بۆمبەکە بکەوێتە دەست ڕووسیا و چین و لێکۆڵینەوە لە تەکنەلۆژیاکەی بکەن.
فەرماندەیەکی سەربازی کە قسەی بۆ میدیاکانی ئیسرائیل کردووە، ئاماژەی بەوە داوە، هۆکاری نەتەقینەوەی بۆمبی "جی بی یو-39" کە لە لایەن کۆمپانیای "بۆینگ"ـی ئەمەریکییەوە دروست کراوە، ڕوون نییە و بۆمبەکە تا ڕادەیەکی زۆر وەک خۆی لە شوێنی هێرشەکەدا ماوەتەوە.
ئەو فەرماندەیە باسی لەوەش کردووە، "جی بی یو-39" بۆمبێکی زیرەک و زۆر پێشکەوتووە، کڵاوەیەکی تەقینەوەی بەهێزی هەیە بەراورد بە کێشەکەی. هاوکات سیستەمی ئاراستەکردن و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی تێدایە کە واشنتن نایەوێت بکەوێتە دەستی ڕکابەرەکانی. بۆیە گەڕاندنەوەی بۆمبەکە بووەتە کاری لەپێشینەی بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکا.
تا ئێستا جگە لە میدیاکانی ئیسرائیل و لوبنان، بەرپرسانی فەرمیی ئەمەریکا و لوبنان بە شێوەیەکی ئاشکرا باسیان لەم داواکارییە و چارەنووسی بۆمبەکە نەکردووە.
ئەو بۆمبە ئەمەریکییە کە لە جۆری ئاسمان–زەوییە و بەهۆی باڵەکانییەوە دەخلیسکێت، زۆر وردە لە پێکانی ئامانجەکان و دەتوانرێت لە دووریی زیاتر لە 110 کیلۆمەترەوە ئاراستە بکرێت. ئەم بۆمبە لە سەرەتای ساڵانی 2000ـەوە خراوەتە خزمەتی سەربازییەوە.
"جی بی یو-39" بە بۆمبێک ناسراوە کە زیانی لاوەکی کەمە، چونکە بە وردی ئامانجەکەی دەپێکێت و کەمترین زیان بە دەوروبەرەکەی دەگەیەنێت.
کێشی بۆمبەکە نزیکەی 130 کیلۆگرامە (285 پاوەند) و درێژییەکەشی نزیکەی 1.8 مەترە. زیاتر بۆ ئەو پێگە و مۆڵگە سەربازییانە بەکار دەهێنرێت کە لەژێر زەویدان و بە کۆنکرێتی پتەو یان پۆڵا پارێزراون.
