پێنتاگۆن گرێبەستێکی سەربازیی ملیار دۆلاری بۆ سعوودیە پەسەند کرد

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر گرێبەستێکی سەربازی بۆ دابینکردنی هێلی کۆپتەر بۆ سعوودیە بە بەهای نزیکەی یەک ملیار دۆلار، تێیدا جەخت کراوەتەوە سعوودیە هاوپەیمانێکی سەرەکیی دەرەوەی ناتۆی ئەمەریکایە.

ئاژانسی هاوکاریی ئاسایشی جەنگی ئەمەریکا (DSCA) سەر بە پێنتاگۆن، ڕەزامەندیی خۆی لەسەر سێ گرێبەستی سەربازیی گەورە بۆ وڵاتانی سعوودیە و بەحرەین دەربڕی، کە کۆی گشتییان دەگاتە نزیکەی 1.5ملیار دۆلار. ئەم هەنگاوەش دوای پتەوبوونی پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی و ڕیاز دێت.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی پێنتاگۆن، پشکی شێر بەر سعوودیە کەوتووە، بە بڕی یەک ملیار دۆلار دوو گرێبەستی جیاوازی بۆ پەسەند کراوە و هەر یەکێکیان بڕەکەی 500 ملیۆن دۆلارە.

گرێبەستی یەکەم (لۆجستی و چاککردنەوە): تایبەتە بە دابینکردنی پارچەی یەدەگ و چاککردنەوە بۆ چەند جۆرە هێلیکۆپتەرەکانی جۆری (بلاک هۆک، ئەپاچی، و چینوک)، هەروەها فڕۆکە سووکەکانی وەک (شڤایزەر 333). ئەم گرێبەستە توانای هێزە ئاسمانییەکانی سعوودیە بۆ چاککردنەوە و بەردەوامیی کارکردن بەرز دەکاتەوە.
گرێبەستی دووەم (مەشق و ڕاهێنان): گرێبەستێکی گشتگیرە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی مەشق و ڕاهێنان بە "فەیلەقی ئاسمانیی هێزی وشکانیی شاهانەی سعوودیە" لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە.

لەلایەکی دیکەوە، پێنتاگۆن گرێبەستێکی بە بەهای 445 ملیۆن دۆلار بۆ بەحرەین پەسەند کردووە. گرێبەستەکە تایبەتە بە مۆدێرنکردن و پاڵپشتیکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (F-16). لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا، کۆمپانیاکانی "لۆکهید مارتن" و "جەنەڕاڵ ئێلیکتریک" پارچەی یەدەگ، سیستەمی ڕادار، مووشەک و ئامێری تاقیگەیی بۆ مەنامە دابین دەکەن.

ئەم بڕیارە دوای سەردانەکەی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە دێت بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ. لەو دیدارەدا ترەمپ سعوودیەی وەک "هاوپەیمانێکی سەرەکیی دەرەوەی ناتۆ" ناساند، ئەمەش ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ ئەوەی ڕیاز دەستی بە چەکی پێشکەوتووی ئەمەریکی بگات.

بەگوێرەی یاسا، کۆنگرێسی ئەمەریکا 30 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستەکاندا. چاودێران پێشبینی دەکەن بەهۆی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی کوشتنی ڕۆژنامەنووس "جەمال خاشقچی" و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی تەکنەلۆژیای فڕۆکەی (F-35)، بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس ناڕەزایەتی دەرببڕن، بەڵام پێنتاگۆن جەختی کردووەتەوە، ئەم فرۆشتنانە "هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە تێک نادەن".

 
 
Fly Erbil Advertisment