یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بێرمینگهام بەڕێوەدەچێت

یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بێرمینگهام بەڕێوە دەچێت، ئەو فێستیڤاڵە تا ئێستا نزیکەی 350 فیلمی کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دەرەوە بینراوە و بڕیار وایە مانگی شوباتی 2026, فێستیڤاڵەکە دەست بە کارەکانی خۆی بکات و هەشت خەڵات بەسەر براوەکاندا دابەش دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 2ی کانوونی یەکەمی 2025، عەدنان عوسمان، ئەندامی لیژنەی هەڵبژاردنی فیلمەکان، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: لەگەڵ فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی بێرمینگهام، شانبەشانی چەند هونەرمەندێکی ئازیز، لە لیژنەی هەڵبژاردنی فیلمەکانین. کارەکانمان بەرەو کۆتایی دەچێت و تا ئێستا نزیکەی 350 فیلمی کوردیمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دەرەوە بینیوە.

عەدنان عوسمان ئاماژەشی دا، بەشداریکردن لەم فێستیڤاڵانە بۆ من ئەزموونێکی گرنگ و پڕ چێژە، چونکە ئێمە تەنیا ئەو فیلمانە نابینین کە نمایش دەکرێن، بەڵکوو هەموو ئەو بەرهەمانە دەبینین کە نێردراون.

هەروەها گوتیشی، ئێمە دوایین فیلتەرین پێش ئەوەی گوڵبژێری فیلمەکان بگاتە بەرچاوی بینەران، بینینی فیلمە نمایش نەکراوەکان، هەستێکی جوان و دەگمەنە کە هەرگیز بە ئاسانی بەدەست نایەت.

هەروەها عەدنان عوسمان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، لە فێستیڤاڵی کۆبانی کە سەرۆکی لیژنەی هەموو کورتە فیلمەکان بووم، بینینی سەدان فیلمی بیانی، عەرەبی، تورکی و کوردی، کاتێکی چێژبەخش و وانەیەکی گەورە بوو.

هاوکات ئاماژەی پێدا: پرەنسیپی کاری ئێمە ئەوەیە کە بە شێوازێکی تەواو ئەکادیمی کار بکەین و لە لیژنەکانی ئێمەدا مافی هیچ فیلمێک نافەوتێت, بەڵام ڕاستییەک هەیە کە هەندێک جار ئاستی پێشبڕکێکان ئەوەندە بەهێزە، تەنیا فیلمی زۆر باش دەتوانێت بگاتە قۆناغی کۆتایی. هەندێک جاریش، ئەگەر فیلمی ئاست بەرز لە بەشێکدا کەم بێت، فیلمە مامناوەندەکانیش دەرفەتیان پێ دەدرێت.

عەدنان عوسمان باس لە بەرەوپێشچوونی ئەو فێستیڤاڵە دەکات و دەڵێت: ئەوەی لە فێستیڤاڵی بێرمینگهام زۆر دڵخۆشم دەکات، ئەو ڕۆحە خۆبەخشانە و دڵسۆزییەیە کە کۆمەڵێک سینەماکاری بەئەزموون هەیانە. کاتێک وەک دەروێش شەو و ڕۆژ دەخەینە سەر یەک تەنیا بۆ ئەوەی فێستیڤاڵەکەمان ڕوخسارێکی جوانتری هەبێت، و دواتر پێزانینی ڕۆژنامەنووسان و بینەران وەردەگرین، هەست بە ئاسوودەیەکی بێ وێنە دەکەین.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، خۆشبەختانە ئاستی تێگەیشتنی بەڕێوەبەر و سەرۆکی فێستیڤاڵە کوردییەکان بەرزە و هەرگیز فشاریان نەکردووەتە سەرمان بۆ پێشخستنی فیلمێک یان ناحەقی کردن بەرانبەر بە فیلمێکی دیکە، بە تایبەت لە فێستیڤاڵی بێرمینگهام، بە سیستەمێکی زۆر پێشکەوتوو کار دەکەین کە هونەرمەندان کاک دارۆ ئەزیز و سەتار چەمەنیگوڵ سەرپەرشتی دەکەن و ڕاستەوخۆ دوای هەڵسەنگاندن، ئەنجامی کۆتاییمان پێدەدات.

لە کۆتایی قسەکانیدا عەدنان عوسمان گوتی، خۆشحاڵم کە فیلم و فێستیڤاڵی کوردی پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەگەشێتەوە.

یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بێرمینگهام، سەرجەم کارەکانی تەواو کردووە و 350 فیلم بینراوە و گفتوگۆی جددی لەسەر هەڵبژاردنی فیلمەکان کراوە و دواتر بڕیار لە هەڵبژاردنی فیلمەکان دەدرێت.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment