دوای زیاتر لە 40 ساڵ؛ ئیسرائیل و لوبنان یەکەم دانوستانی ڕاستەوخۆیان کرد
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە یەکەمین خولی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بەڕێوەچوو، کە بە یەکەم هەنگاوی لەو جۆرە دادەنرێت لە دوای ساڵی 1983ەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کۆبوونەوەکە لە شاری نەقورا لە بارەگای هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیفیل) و لە "کەشێکی ئەرێنیدا" بەڕێوەچووە. تێیدا بڕیاردراوە کار لەسەر بیرۆکەکان بکرێت بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
سەرباری ئەرێنیبوونی گفتوگۆکان، ئیسرائیل جەختی کردۆتەوە "چەکداماڵینی حزبوڵڵا حەتمییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت، بەبێ گوێدانە هەر پێشکەوتنێک کە لە بواری ئابووریدا بەدەست دێت."
لە کۆبوونەوەکەدا بە سەرپەرشتی ئەمەریکا و لە چوارچێوەی میکانیزمی چاودێریکردنی ئاگربەستدا بوو، هەریەک لە سیمۆن کەرەم، باڵیۆزی پێشووی لوبنان و یوری ڕێسنیک، بەرپرسی باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل و مۆرگان ئۆرتاگوس، نوێنەری ئەمەریکا بەشداربوون.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیرووت پشتڕاستی کردەوە ئامانج لەم کۆبوونەوانە گەیشتنە بە سەقامگیری و ئاشتییەکی بەردەوام، هەروەها هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی گفتوگۆکان بەردەوامییان هەبێت.
جێی ئاماژەیە، ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 1982 و ڕێککەوتنی "17ی ئایار"ەوە، نوێنەرانی مەدەنیی هەردوو وڵات ڕاستەوخۆ لەسەر مێزێک بۆ دانوستان کۆببنەوە.
