زەردەشت سەرسام: مەترسییەکانی لافاو 80% کەمبووەتەوە

لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین بۆ هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەڕۆی هەولێر ئامادەکارییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو ڕادەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات،  دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان مەترسیی دروستبوونی لافاوی بە ڕێژەی 80% کەمکردووەتەوە.

زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەڕۆی هەولێر لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵیی کوردستان 24 ڕایگەیاند: بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و سەرۆکایەتیی شارەوانی، هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ خاوێنکردنەوەی سەری مەنهۆڵەکان، جۆگە و ڕێڕەوەکانی ئاو ئەنجامداوە بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو لەسەر شەقامەکان.

چارەسەرکردنی هەڵەکان و دابینکردنی بوودجە
سەبارەت بە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو، سەرسام ئاماژەی بەوە دا، دوای لافاوەکەی کۆتایی ساڵی 2021 و سەرەتای 2022، سەرۆکی حکوومەت ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی دۆخەکەی کردووە و بوودجەی پێویست دابینکراوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەی لە ڕابردوودا بەهۆی دەستکاریکردنی ڕێڕەوە سروشتییەکانەوە دروست ببوون.
ناوبراو گوتی: ئێستا ڕێڕەوە سروشتییەکان خاوێنکراونەتەوە و ئەو ڕێڕەوانەی کە بەستراونەتەوە بە ئاوەڕۆ سندوقییەکان و بۆڕییەکانەوە، سەرجەمیان بۆ وەرزی زستان ئامادەن.

پۆندەکان مەترسییەکان ناهێڵن
لەبارەی کاریگەریی ئەو پۆند و بەنداوانەی لە دەوروبەری هەولێر دروستکراون، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر جەختی کردەوە، ئەو پۆندانە (وەک چەمەرگە، بنەسڵاوە، دارەتوو و مەلا ئۆمەر) بە ڕێژەی 80% ڕێگر دەبن لەو ئاوە زۆرەی کە ڕوو لە هەولێر دەکات.
ئاشکراشی کرد، 17 ڕێڕەوی ئاویی مەترسیداریان لەسەر هەولێر پۆلێن کردبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو پۆندانەوە مەترسییەکان نەماون.

پرۆژەی ستراتیژی بۆ شوێنە نزمەکان
سەبارەت بەو شوێنانەی ساڵانە ئاوی تێدا کۆدەبێتەوە وەک (کەمالیات، سەیداوە و لەنگە)، زەردەشت سەرسام ڕوونی کردەوە، دیزاین و دەرخستەی تەواو بۆ پرۆژەی ستراتیژیی ئەو شوێنانە ئامادەکراوە و چاوەڕوانی ڕەزامەندی و دابینکردنی بوودجەن، بەتایبەت پرۆژەی پردی سەیداوە کە کێشەی پەنگخواردنەوەی ئاو لەو ناوچەیە چارەسەر دەکات.

گلەیی لە هاووڵاتییان و کاسبکاران
بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر ڕەخنەی لەو هاووڵاتییانە گرت کە بەرپرسیار نین بەرانبەر ژینگە و گوتی: هاووڵاتی خۆی هۆکارە بۆ پیسبوونی ژینگە، فڕێدانی پاکەتی جگەرە، نایلۆنی چپس و بوتڵی ئاو لە ئۆتۆمبێلەکانەوە هۆکاری سەرەکیی گیرانی ئاوەڕۆکانن. 
هەروەها پەیامێکی ئاراستەی دوکاندار و کاسبکاران کرد و گوتی: داپۆشینی ئاوەڕۆکان بە کارتۆن و فەڕش بۆ ئەوەی بۆن نەیەت، دەبێتە هۆی ئەوەی لە کاتی بارانبارینی بەهێزدا ئاوەکە بچێتە ناو دوکانەکانی خۆیان و زیانیان پێ بگەیەنێت. 
ئاماژەی بەوەش دا،  پاککردنەوەی ئەو زبڵانە ئەرکێکی قورس و تێچوویەکی زۆری دەوێت کە کرێکارێک مانگانە نزیکەی 350000 دینار وەردەگرێت بۆ ئەوەی تەنیا ئەو پاشماوانە کۆبکاتەوە کە خەڵک فڕێی دەدەن.

ژووری ئۆپەراسیۆن و ئامادەباشی
سەرسام دڵنیایی دا لەوەی  ژووری ئۆپەراسیۆن بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر پێکهێنراوە و ژمارەی تیمی پێویست بەسەر 6 شارەوانی و دەوروبەریدا دابەشکراون، بۆ هەر تیمێک سەرپەرشتیارێک  دانراوە بۆ ئەوەی لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا بەدەم هاووڵاتییانەوە بچن.

 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment