ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونی دوازدەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک دەکرێت
لە پارێزگای دهۆک ئامادەکاری بۆ سازکردنی دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک دەکرێت، کە بڕیارە لە 9ـی ئەم مانگەدا دەست پێ بکات و ماوەی 8 ڕۆژ بەردەوام بێت.
لە خولی ئەمساڵدا، لە کۆی 800 فیلمی پێشکەشکراو، لیژنەی وەرگرتنی فیلمەکان 110 فیلمیان هەڵبژاردووە بۆ بەشداریکردن، لەم ژمارەیە 45 فیلمیان بەرهەمی ناوخۆیی و کوردین و 65 فیلمیشیان بەرهەمی بیانیین کە لە 37 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن.
عادل عەبدولڕەحمان، ئەندامی لیژنەی وەرگرتنی فیلمەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "45 فیلمە کوردییەکە دابەش بوون بەسەر فیلمی درێژ، کورتەفیلم و دۆکیۆمێنتاری، کە بەشێکیان بۆ کێبڕکێ و بەشێکیان تەنیا بۆ نمایشکردن دەبن"، ئاماژەی بەوەشکرد، پێوەری وەرگرتنی فیلمە کوردییەکان وابەستە بووە بە زمانی فیلم، شوێنی وێنەگرتن، ناسنامەی دەرهێنەر یان ناوەڕۆکی چیرۆکەکە کە پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت.
تەوەر و مژاری سەرەکیی فێستیڤاڵەکە بۆ ئەمساڵ بریتییە لە "وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا". حەسەن عارف، لە ڕاگەیاندنی فێستیڤاڵەکە، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم مژارە هەڵبژێردراوە چونکە بووەتە دیاردەیەکی جیهانی و هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش گرنگییەکی زۆری پێ دەدات.
ئەمساڵ وڵاتی ئیسپانیا وەک وڵاتی میوان بە 13 فیلم بەشداری دەکات، هەروەها زیاتر لە 100 گەنجی خۆبەخش لە بەڕێوەبردنی کارەکاندا بەشدارن و سێ شوێنی سەرەکی لە سەنتەری شاری دهۆک دیاری کراون بۆ نمایشکردنی فیلمەکان و سازکردنی پانێڵەکان، ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە لە گفتوگۆدان بۆ بانگهێشتکردنی ئەستێرەیەکی سینەمایی (عەرەبی، تورکی یان فارسی)، بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە نەدراوە.
