وەزارەتی دارایی وادەی ڕاگرتنی خەرجییەکان و داخستنی هەژمارەکانی ڕاگەیاند
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ڕێکخستنەوە و پاکتاوکردنی ژمێریارییەکانی کۆتایی ساڵ، ڕێنماییەکی نوێی دەرکرد و تێیدا وادەی ڕاگرتنی خەرجییەکان و داخستنی هەژمارەکانی دیاریکرد.
بەپێی ڕێنمایی ژمارە (18)ی ساڵی 2025 کە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی لەسەرە، بڕیاردراوە بە ڕاگرتنی سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) بۆ داواکاری خەرجی (SIRD) لە ڕێکەوتی (7ی کانوونی یەکەمی 2025)ەوە.
لە ڕێنماییەکەدا هاتووە، سەرجەم خەرجییەکان لەو ڕێکەوتەوە ڕادەگیرێن، جگە لە خەرجییەکانی (مووچە، پێشینەی خەرجکراوی مانگانە، کرێی مانگانە، خاوێنکردنەوە و خواردن). هەروەها جەخت کراوەتەوە، خەرجی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان بەپێی ڕێنماییە تایبەتەکان بەردەوام دەبن.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش داوە، داخستنی ژمێرەی کۆتایی (الحسابات الختامیة) بە شێوەیەکی کۆتایی لە 31ی کانوونی دووەمی 2026 دەبێت و پێویستە تا 10ی شوباتی 2026 ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری بکرێت، بە پێچەوانەوە هەر فەرمانگەیەک دوا بکەوێت پارەدارکردنی (تمویل) ڕادەگیرێت.
هەروەها بڕیاردراوە، پێویستە پێشینەی بەردەوامی مانگانە (السلف المستدیمة)ی فەرمانگەکان لە کۆتایی ساڵی 2025دا یەکلایی بکرێنەوە و ژمێرەکەیان بکرێتە سفر.
ئەم بڕیارانە بە مەبەستی پاکتاوکردنی ژمێریاری و ئامادەکارییە بۆ ساڵی نوێی دارایی 2026 و لە 7ی کانوونی یەکەمی 2025ەوە کاری پێ دەکرێت.
دەقی ڕێنمایی دارایی ژمارە (18)ی ساڵی 2025:
ئاماژە بە کۆنووسی لیژنەی دەرکردن و پێداچوونەوە بە ڕێنماییە داراییەکان ژمارە (148) لە (1/12/2025) و بە هۆی نزیکبوونەوەی کۆتایی ساڵی/2025 و بە مەبەستی دیاریکردنی هەلی گونجاو بۆ یەکە ژمێریارییەکان بەستراو و نەبەستراو بە وەزارەتەکان، بە مەبەستی پاکتاوکردنی ژمێریارییەکان و گەیاندنیان بۆ وەزارەتمان لە کاتی دیاری کراو بڕیاردرا بە:
1- ڕاگرتنی سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) لەسەر (داواکاری خەرجی) (SIRD) لە ڕێکەوتی (7/12/2025) تاکو کردنەوەی خەرجی لە ساڵی دارایی/ 2026، لەو ڕێکەوتەوە هیچ داواکارییەکی خەرجی ئاڕاستەی وەزارەتمان نەکرێت.
2- ڕاگرتنی گشت خەرجییەکان لە ڕێکەوتی (7/12/2025) بۆ ساڵی دارایی/ 2025 بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی ژمێرەکان جگە لە خەرجییەکانی (مووچە و پێشینەی خەرج کراوی مانگانە و کرێی مانگانە و خاوێن کردنەوە و خواردن).
3- سەرجەم ئەو خەرجییانەی لەسەر ڕێژەی گەڕاوەی بەشە داهاتی وەزارەتەکان بەپێی ڕێنماییمان ژمارە (1)ی ساڵی (2020) و ژمارە (6 و 11)ی (2025) ڕادەگیرێت جگە لە (مووچە و هاندان) و ئەو خەرجییانەی پابەندی یاسای و سیفەتی مانگانەی هەیە.
4- ڕاگرتنی خەرجی تەمویل کردنی تایبەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پەڕەپێدانی پارێزگاکان ناگرێتەوە، بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییمان ژمارە (12)ی ساڵی (2025) بڕگەی (پێنجەم) کە پاڵپشتە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (292) لە (15/10/2025).
5- ئەو نووسراوانەی کە ڕەزامەندی خەرجی وەزارەتمانیان هەیە و بەهەر هۆکارێک خەرج نەکراوە لەساڵی نوێدا لەسەر بودجەی ساڵی دارایی/2026 خەرج دەکرێت لەلایەن گەنجینەکانەوە.
6- هەر ڕەزامەندییەکی (تەرخانکردن) لە ساڵی (2025) و بەرەوخوارەوە نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە، پێویستە ڕەزامەندی بەڕێوەبەڕایەتی گشتی ژمێریاری وەربگرێتەوە.
7- داخستنی ژمێرەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی (2025) لە ڕێکەوتی (31/12/2025) پێویستە گشت وەزارەتەکان و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت پابەندبن بە ماوەی ئاماژە پێکراو ، هەروەها سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم جگە لەو فەرمانگانەی کە خۆپارەدارکردن (تمویل ذاتی)ن لە ڕێکەوتی (31/12/2025) (رصید دفتری صندوق + بانک) تدویر بکرێت بۆ ساڵی دارایی/ 2026 لە ڕێکەوتی (1/کانوونی دووەم تا 31/ کانوونی دووەمی ساڵی/2026) وە نابێت هیچ (تدویر)ێک لەسەر (حساب نقدی مدور) بکرێت لە مانگەکانی تر .
8- ماوەی ژمێرەی کۆتایی (الحسابات الختامیة) لە (2/1/2026) دەست پێ دەکات تاکو (31/1/2026) بۆ مەبەستی یەکلاکردنەوەی گشت پێشینەکان کە لە ئەستۆی وەزارەت و فەرمانگەکانن بۆ ئەو پێشینانەی کە نەتوانراوە یەکلا بکرێنەوە لە ساڵی /2025 دا، جگە لە پێشینەی مانگانە (سلفة المستدیمة) بە پێچەوانەوە بەپێی گشتاندنمان ژمارە (10)ی ساڵی (2022) مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
9- داخستنی ژمێرەی کۆتایی بە شێوەیەکی کۆتایی لە ڕێکەوتی (31/1/2026) دەبێت و ناردنی بۆ وەزارەتمان/ بەڕێوەبەڕایەتی گشتی ژمێریاری تا ڕێکەوتی (10/2/2026) وە لە نەناردنی یاخود دواکەوتنی لە ڕێکەوتی ئاماژەپێکراوی سەرەوە پارەدارکردن (تمویل)ی ئەو یەکە ژمێریارییە ڕادەگیرێت.
10- تۆمارکردنی سەرجەم یەکلاکەرەوەکانی ناو تۆمارکراوەکان (التسویة القیدیة) لە هەمان تۆماری تایبەت بە ساڵی دارایی/ 2026 بە شێوەیەکی سەربەخۆ (مستقل) لە ژمێرەی مانگەکانی ڕابردوو لەگەڵ گرتنەبەری یەکلاکردنەوەی پێویست بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەکانی ژمێرەکان (بنود الحسابات) کە پێچەوانەی سروشتی ژمێریاری تۆمارکراوە.
11- پێویستە ئەو فەرمانگانەی پەیرەوی سیستەمی نامەڵبەندی دەکەن (میزان المراجعة) لە ژمێرەی کۆتایی (الحسابات الختامیة) بۆ ساڵی /2025 بنێرن بۆ بەڕێوەبەڕایەتی گشتی ژمێریاری / ژمێریاری نامەڵبەندی بە ڕەچاوکردنی تۆماری ژمێریاری ژمارە (89)ی هاتوو لە ڕێنماییمان ژمارە (14)ی ساڵی /2022.
12- پێویستە پێشینەی بەردەوامی مانگانە (السلف المستدیمة)ی فەرمانگەکان یەکلابکرێتەوە و ڕەسیدی بکرێتە (سفر) لە کۆتایی ساڵی دارایی /2025.
13- لە کاتی نەبوونی جوڵەی ژمێریاری لە گشت ژمێرەکان لە ماوەی ئەو ژمێری کۆتایی کە لە خاڵی (7) ئاماژەپێکراوی سەرەوەدا هاتووە پێویستە بە نووسراوی فەرمی ئاگاداری وەزارەتمان / بەڕێوەبەڕایەتی گشتی ژمێریاری / بەڕێوەبەڕایەتی ژمێریاری نامەڵبەندی بکرێت کە فەرمانگە کە ئەو ژمێری کۆتایی نیە.
14- ئەم ڕێنماییە لە ڕێکەوتی (7 / 12 / 2025) وە کاری پێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.
