ڕەوەند هاودیانی: تیمەکانی بەرگریی شارستانی سۆران لە ئامادە باشیدان

بەرگریی شارستانی سۆران، داوا لە هاووڵاتیانی سۆران دەکات بۆ کاری پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنەدەرەوە.

یەکشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەرجەم تیمەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەکانی دیکەی پەیوەندیدار بەتەواوی لە ئامادەباشیدان و بۆ ماوەی هەفتەیەک ئێشگریی بەردەوامیان دەبێت بۆ بەدەمەوەچوونی هاووڵاتیان لەکاتی باران و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران گوتیشی: داوا لە هاووڵاتیانی سۆران دەکەین بۆ کاری پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنەدەرەوە، بەهیچ شێوەیەکیش نزیکی چەم و ڕووبارەکان نەبنەوە، هەروەها منداڵەکان تەنیا بۆ قوتابخانە نەبێت نەیێنە دەرەوە و داوا لە دایک و باوکانیش دەکەین ئاگاداری منداڵەکانیان بن.

لە هەر بنکەیەک تیمێکی ئامادەباش ئامادەکراوە، بە تەواوی کەلوپەلەوە، هەروەها پێشتر ڕاهێنانی تایبەتەتیان وەرگرتووە.

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئاماژەی بەوە داوە، لە ڕۆژی یەکشەممەوە، شەپۆلێکی باران بارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی لە ئامادە باشی دان بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل