دەستەی دەستپاکی: 267 دۆسیەی گەندەڵی ڕەوانەی دادگا کراون
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ئاماری 11 مانگی کار و چالاکییەکانی ساڵی 2025ـی دەستەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ژمارەی دۆسیە ڕەوانەکراوەکان بۆ دادگا زیادی کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاری کارەکانی دەستەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 1ـی 12ـی 2025، کۆی گشتی ئەو دۆسیانەی گەندەڵی کە ڕەوانەی دادگاکان کراون گەیشتووەتە 267 دۆسیە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی 20 بۆ 25 دۆسیە زیادی کردووە.
ئەحمەد ئەنوەر تیشکی خستە سەر ڕاپۆرتێکی نوێی بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) لەژێر ناوی "دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی"، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە کە چاودێری پرۆسەی دادگاییکردنەکانی کردووە لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، پرۆسەی دادگاییکردنەکان ئەمساڵ ڕێکخراوتر و باشتر بەڕێوەچوون، دەشڵێت، هێشتا ئاستەنگ هەیە، لەوانە درێژی ماوەی دادگاییکردن و لاوازی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.
سەبارەت بە پڕکردنەوەی فۆرمی سەروەت و سامان لەمساڵدا، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتی، حەوت هەزار و 795 فۆرمی یەکەم (بۆ ئەوانەی تازە پۆست وەردەگرن) پڕکراوەتەوە، هەروەها 728 فۆرمی کۆتایی بۆ ئەوانەی کۆتایی بە ئەرکەکەیان هاتووە پڕکراوەتەوە.
ئەحمەد ئەنوەر باسی لەوەشکرد، کۆدی ڕەفتاری پیشەیی بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەرچووە و لە ئێستاشدا کار لەسەر پەیماننامەی ئاکار بۆ دەزگاکانی میدیا دەکەن.
