فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی داوای جووڵاندنی تەواوی تواناکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو دەکات
بەهۆی کاریگەریی ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانبارین کە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو و زیانی گیانی و ماددی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم ڕێکخراوەکان کرد و داوای لێکردن، دەستبەجێ سەرجەم تواناکانیان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان بخەنە گەڕ.
بەهۆی سەختی دۆخی کەشوهەوا و مەترسییەکانی لافاو، فەرمانگەکە داوای لە تەواوی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کردووە کە ئاستی هەماهەنگی و هاریکارییان بۆ بەرزترین ئاست زیاد بکەن.
بەگوێرەی ڕێنماییەکان، پرۆسەی گەیاندنی هاوکاری و بەهاناوەچوون دەبێت بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) بەڕێوە بچێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەرەسەندنی زیانەکان بکرێت.
هاوکات فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی جەختی لەوە کردووەتەوە، خۆیان لەسەر هێڵن بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە و ئاسانکاری بۆ ڕێکخراوەکان.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، حکوومەتی هەرێم ستایشی ئەو ڕۆڵە کارایەی کردووە کە ڕێکخراوەکان وەک فریادرەس لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لەم دۆخە نائاساییەدا دەیگێڕن.
ئەم بانگەوازە بەپەلەیە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە ئاستی ئاو لە چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە و لە سنووری چەمچەماڵ و چەند ناوچەیەکی دیکە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە. داواکردن لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان بۆ هاناوەچوونی بەپەلە، ئاماژەیە بۆ قەبارەی کاریگەریی شەپۆلەکە و پێویستیی هەرێم بە یەکخستنی توانای کەرتی گشتی و مەدەنی بۆ تێپەڕاندنی ئەم کارەساتە سروشتییە.
