ئاسمانی دیاربەکر داخرا
بەهۆی خراپی دۆخی کەشوهەوا و تەمێکی چڕەوە، ئاسمانی پارێزگای دیاربەکری باکووری کوردستان بە تەواوی داخراو، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان هەڵوەشێنرانەوە.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، دوای بەفر بارین لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە پارێزگای دیاربەکر، لە بەرە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەوە 10ی کانوونی یەکەمی 2025، تەمێکی چڕ ناوەندی شارەکە و دەوروبەری گرتووەتەوە، بەهۆیەوە ئاستی بینین بۆ دووری نزیکەی 30 مەتر کەمبووەتەوە و ئاستەنگی بۆ جووڵە و هاتوچۆی شوفێران لە شەقا و ڕێگەکانی ناوشار و دەرەوەی شار دروستکردووە.
هەر بەهۆی تەمەوە، فڕۆکەخانەی دیاربەکر سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان چوون و هاتنی ڕاگرتووە و تا ئاساییبوونەوەی دۆخەکە ڕێگە بە ئەنجامدانی هیچ گەشتێکی ئاسمانی نادات.
هەر لە بارەی دۆخی کەشەوای ئەمڕۆ چوارشەممەوە، ناوەندی کەشناسی تورکیا، پێشبینی دەکات، بەشێوەیەکی گشتیی ئەمڕۆ تاوەکوو ئێوارە لە دیاربەکر و شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان تەم بێت، بەڵام بۆ ئێوارە ئەگەر هەیە لە شرنەخ تاوەکوو درەنگانی شەو باران بێت.
کەشناسی تورکیا ڕاشیگەیاندووە، سبەی پێنجشەممە جارێکی دیکە تەم پارێزگاکانی باکووری کوردستان و بەشێکی پارێزگاکانی تورکیا بگرێتەوە.
