سوننەکان بۆ دابەشکردنی پۆستەکان کۆدەبنەوە

بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی بۆ تاوتوێکردنی پشکی پێکهاتەی سوننە لە حکوومەتی داهاتوو و یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان کۆببێتەوە؛ بەگوێرەی زانیارییەکان کێبڕکێکە تەنیا لەنێوان دوو بەربژێردا ماوەتەوە و موسەننا سامەرائی زۆرترین چانسی بۆ وەرگرتنی پۆستەکە هەیە.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندووە، بڕیارە سبەی پێنجشەممە ئەنجوومەنەکە لە بارەگای موسەننا سامەرائی یان سابت عەباسی کۆ ببنەوە و ناوی کاندیدەکان بە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پێشکەش بکرێت، هەروەها شایستە و بەرکەوتەکانی سوننە لەداهاتوو باس دەکرێت.

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، تەنیا موسەننا سامەرائی و سالم عیساوی وەک کاندید ماون، کاندیدەکانی دیکە وەزارەتی دیکەی حکوومەت وەردەگرن، ئاماژەکان وا دەردەکەوێت پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ موسەننا سامەرائی دەبێت.

هەروەها عەزام حەمدانی سەرکردە لە هاوپەیمانیی عەزم، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەگەر سبەی کۆبوونەوەکە نەکرێت ئەوا دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە، بەڵام تا ئێستا یەکلا نەبووەتەوە، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش باسکردنە لە ناوی کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، هەروەها وەزارەتەکان.

بەرکەوتەی سوننە لە حکوومەتی داهاتووی عێراق، تا ئێستا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و شەش وەزارەت و چەند دەستەیەکە، وەزارەتەکانیش سەرەکییەکانیش بەرگری و پەروەردە و بازرگانییە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل