بانکی ناوەندیی ئەمەریکا بۆ سێیەم جار سوودی بانکی کەم کردەوە
لەژێر سایەی نیگەرانییەکان لەسەر بازاڕی کار و بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان بەهۆی باجەکانی ترەمپەوە، بانکی ناوەندیی ئەمەریکا بۆ سێیەم جار لەم ساڵە سوودی بانکی دابەزاند، هەرچەندە بڕیارەکە دابەشبوونێکی دەگمەنی لەنێوان ئەندامانی بانکەکەدا لێکەوتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، بانکی ناوەندیی ئەمەریکا (فیدراڵی) لە کۆبوونەوەیەکدا، ڕێژەی سوودی بانکی بە بڕی 25 خاڵی بنەڕەتی کەم کردەوە. بەمەش ڕێژەی سوود گەیشتە نێوان 3.50% بۆ 3.75%، کە ئەمە نزمترین ئاستە لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵی ڕابردوودا.
ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی ترس لەسەر دۆخی بازاڕی کار و کاریگەریی نەرێنیی ئەو باج و گومرگانەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەپاندوونی، هەرچەندە هێشتا ڕێژەی هەڵئاوسان بە بەرزی ماوەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ناکۆکیی قووڵ لەنێوان 12 ئەندامەکەی لیژنەی دیاریکردنی نرخدا دروست بوو؛ سێ ئەندام دەنگیان دژی بڕیارەکە دا. هەریەکە لە ئۆستن گوڵسبی و جێفری شمید داوایان دەکرد سوودەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و کەم نەکرێتەوە، لە بەرانبەردا ستیڤن میران داوای کەم کردنەوەی زیاتری دەکرد بە بڕی نیو پلە.
بانکی ناوەندی پێشبینی دەکات ساڵی داهاتوو لانی کەم جارێکی دیکە سوودی بانکی کەم بکاتەوە، هاوکات پێشبینی گەشەی ئابووریی (GDP) بۆ ساڵی 2026 بۆ 2.3% بەرز کردەوە.
جێرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمەریکا، دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، لە مانگی ڕابردووەوە، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر هەڵاوسان لە ئەمەریکا ڕووی نەداوە، بەڵکوو هێشتا هەر لە ڕێژەیەکی زۆر بەرزدایە، بۆ بڕیارمدا ڕێژەی سووی بانکی کەم بکەینەوە.
دەشڵێت: نەگەیشتووینەتە ئامانجەکانمان بۆ کەم کردنەوەی هەڵاوسان، بۆیە ئەم بڕیارە لە پێناو ئەوەیە ئابووری وڵاتەکەمان بە گەشەسەندووی بهێڵینەوە، باسی لەوەش کرد، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوە بۆ مانگی ئەیلوولی 2026 بگەینە ئامانجەکانمان، ئەویش ئەوەیە ڕێژەی هەڵاوسان بۆ 2% کەم بکەینەوە.
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، ئێستا بە ڕێژەی 4.4% کورتهێنان لە بازاڕی کاردا هەیە،
چوارشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، بانکی یەدەگی فیدراڵی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، داڕێژەڕانی سیاسەت بە 10 دەنگ بەرانبەر 2 دەنگ بڕیاریان دا ڕێژەی سوو لە %4.00 و بۆ 3.75% دابەزێنن.
چوارشەممە 17ـی ئەیلوولی 2025، بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا ڕێژەی سوودی سەرەکیی بە 25 خاڵی بنەڕەتی 0.25% کەمکردەوە و لە 4.25% بۆ 4.0%. هەروەها، بەرپرسانی بانکەکە ئاماژەیان بە ئەگەری دابەزاندنی دیکە پێش کۆتایی ئەمساڵ کردبوو، هۆکارەکەشی بۆ کەمبوونەوەی هەلی کار و مەترسییەکانی زیادبوونی هەڵاوسان گەڕاندبووە.
