وەزیری پەروەردە: بە فەرمانی مەسرور بارزانی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکانی چەمچەماڵ نۆژەن دەکرێنەوە
وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکانی چەمچەماڵ نۆژەن دەکرێنەوە و تاقیکردنەوەکانی ئەو سنوورەش دەخرێنە مانگی داهاتوو.
پێنجشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری شاندێکی باڵای وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی ئەو قوتابخانانەی بەهۆی لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووەوە زیانیان بەرکەوتووە.
وەزیری پەروەردە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی چەمچەماڵ، سێ بڕیاری سەرەکییان بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە داوە:
یەکەم: نۆژەنکردنەوەی خێرا
وەزیری پەروەردە ئاشکرای کرد، بە فەرمانی سەرۆک وەزیران، تیمە ئەندازیارییەکانی پەروەردەی گشتیی سلێمانی گەیشتوونەتە چەمچەماڵ بۆ دەرخستەی زیانەکان. بڕیاردراوە پارەی پێویست بخریتە بەردەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی و "لە هەفتەی ئایندەوە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی سەرجەم ئەو قوتابخانانە دەست پێ دەکات".
دووەم: قەرەبوکردنەوەی کەلوپەل
بە گوتەی وەزیری پەروەردە، بڕیاردراوە سەرجەم ئەو کەلوپەل و پێداویستییە پەروەردەییانەی لەناو قوتابخانەکاندا بەهۆی ئاو و لافاوەوە لەناوچوون، لەلایەن وەزارەتەوە بە زووترین کات دابین بکرێنەوە بۆ ئەوەی پەککەوتن لە پرۆسەی خوێندندا دروست نەبێت.
سێیەم: دواخستنی تاقیکردنەوەکان
سەبارەت بە چارەنووسی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم، د. ئالان حەمە سەعید ڕوونی کردەوە، نزیکەی 40 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە یان ڕێگەوبانیان گیراوە، بۆیە دەسەڵات دراوە بە پەروەردەی گشتیی سلێمانی کە خشتەی تاقیکردنەوەکانی ئەو قوتابخانانە دەستکاری بکەن و بیخەنە مانگی یەک (کانوونی دووەم)، تاوەکو قوتابییان بە دەرونییەکی ئارامەوە بچنە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە.
سوپاسگوزاری و ڕۆڵی مامۆستایان
وەزیری پەروەردە ستایشی ڕۆڵی قارەمانانەی مامۆستایان و بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی سنووری چەمچەماڵی کرد، کە توانیویانە بە هاوکاری بەرگری شارستانی گیانی قوتابیان لە مەترسی لافاوەکە بپارێزن و گوتی: "کارێکی گەورەیان کردووە و ئێمە وەک حکوومەت پێزانینی زۆرمان بۆیان هەیە."
