وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: داخستنی فڕۆکەخانەکانی سلێمانی، بەغدا و نەجەف بەردەوامە
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەکانی سێ پارێزگای عێراق بەهۆی خراپی دۆخی کەشوهەواوە بە داخراوی دەمێننەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراق 'واع'ـی ڕاگەیاند، “تا ئێستا فڕۆکەخانەکانی بەغدا و سلێمانی و نەجەف بەهۆی خراپی کەشوهەواوە بەداخراوی ماونەتەوە."
مەیسەم سافی گوتیشی: "پێشبینی دەکەین ئاسمانی ئەم فڕۆکەخانانە لە دوای کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ بکرێنەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد "هاتووچۆی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی بەسرە بەردەوامە".
عێراق بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوا لەسەرە. ، لە ڕۆژی یەکشەممەی رابردووەوە بارانێکی بەخوڕ چەند پارێزگایەکی عێراقی گرتەوە بەتایبەت شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لانی کەم سێ کەس بەهۆی لافاوەکە گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان منداڵ بوو، پردێکیش لە شاری که رکووک ڕووخا.
