پارتەکانی کۆمسیۆنی ئاشتی ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن

کۆبوونەوەیەکی کۆمیسیۆنی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا
کۆبوونەوەیەکی کۆمیسیۆنی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا

پارتە بەشداربووەکان لە کۆمسیۆنی 'هاودەنگیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی'، ڕاپۆرتی تایبەتی خۆیان سەبارەت بەو هەنگاوانە پێویستە بنرێت بۆ پرۆسەی ئاشتی، پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا دەکەن.

مەهەپە کە بە دەستپێشخەری دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی دادەنرێت؛ ڕایگەیاندووە، ڕاپۆرتەکەیان لە 120 پەڕە پێکدێت و پێشکەشی سەرۆکایەتییان کردووە. پارتەکە بۆ هەر چاکسازییەکی یاسایی تایبەت بە پرۆسەکە مەرجییان هەیە. مەرجەکەش بریتییە لە هەڵوەشانەوەی تەواوەتی پەکەکە بەسەرجەم لق و درێژکراوەکانییەوە.

فەتی یەڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە، گوتی: "ڕاپۆرتەکە 120 پەڕەی ڕێکاری یاسایی لەخۆ دەگرێت، پێویستە بگیرێتەبەر؛ بەڵام ئەم کارە یاساییانە مەرجدارن. هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی ڕێکخراو و ڕادەستکردنی چەکەکان بەندە بەوەوە ئەمە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پشتڕاست بکرێتەوە. جەختمان لەوە کردووەتەوە ئەندامانی ڕێکخراو ئەوانەی دەستیان لە تاواندا نەبووە، ئەگەر خۆیان ڕادەست بکەن ڕووبەڕووی سزا نابنەوە؛ بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە لە هیچ سزایەک بێبەری دەبن. نابێت وەک بێتاوانییەکی تەواو لێی تێبگەین. بۆ ڕێکخستنی یاسایی، دەبێت ڕێکخراوەکە بە هەموو لقەکانیەوە بە پەیەدەشەوە هەڵبوەشێنرێتەوە."

هەروەها، دەم پارتی ڕایگەیاندووە، ڕاپۆرتی بۆچوونی پارتەکەیان لەلایەن ئەندامانی پارتەکە لە کۆمسیۆنەکە ئامادەکراوە، پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیای کردووە. هەریەک لە جەهەپە و ئەمەپیش ڕاپۆرتی پارتەکانیان پێشکەش کردووە.

یەڵدز لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ڕەنگە ڕاپۆرتی هەمووان وەک یەک نەبێت. نێوەڕۆکی ئێمە جیاوازە. بە دڵنیاییەوە هەموو لایەنەکانی ناو کۆمسیۆن ڕاپۆرتێک پێشکەش دەکەن. دواتر ڕاپۆرتێکی هاوبەش ئامادە دەکرێت. بەڵام دەبێت ئەوە بزاندرێت پێویستە بە تەواوی پشتڕاست بکرێتەوە ڕێکخراو هەڵوەشاوەتەوە، ئینجا یاسایی تایبەت بە پرۆسەکە ئاسان دەبێت. بە دڵنییاییەوە کار لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای سزادانیش دەکرێت."

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل