لە هێرشێکی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر گوندێکی سەڵاحەددین موختارێک کوژرا
شەوی ڕابردوو چەکدارانی داعش لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین پەلاماری گوندێکیان دا و لە ئەنجامدا موختاری گوندەکەیان کوشتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، شەوی ڕابردوو مەفرەزەیەکی چەکدارانی داعش هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی "ئەلبو مور" لە باشووری پارێزگای سەڵاحەددین. چەکدارەکان دوای گەڕان بەناو گوندەکەدا، دەستڕێژی گوللەیان لە موختاری گوندەکە کردووە کە ناوی فەخری ئەحمەدە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، چەکدارەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵهاتوون و هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکەش دەستیان بە کێوماڵ و گەڕان بەدوای ئەنجامدەرانی هێرشەکەدا کردووە.
لەلایەن خۆیەوە، پارێزگاری سەڵاحەددین ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و وێڕای ئیدانەکردنی ڕووداوەکە بە هێرشێکی تیرۆریستی ناوی بردووە و جەختی کردەوە خوێنی ئەو موختارە بە فیڕۆ ناچێت و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی بکەرانی تاوانەکە دەکەن.
