سەرکردەیه‌كی بەرەی گەل: دواخستنی دادگایی لاهوور شێخ جەنگی نایاساییه‌

شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل
شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل

سەرکردەیەکی بەرەی گەل، ڕایگەیاند: دەستگیرکردن و تەنانەت دواخستنی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی پێچەوانەی یاسایە.

شەممە، 13ـی کانوونی یەکەمی 2025، شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: چاوەڕوانی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم دەکەین بۆ بڕیاردان لەسەر کەیسی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوەکانی دیکە.

ئەو سەرکردەیەی بەرەی گەل ئاماژەی بەوە دا، دەستگیرکردن و تەنانەت دواخستنی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی پێچەوانەی یاسایە.

دەشڵێت:  سەیری بژاردەکانی بەردەممان دەکەین بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی نوێی هەرێم و هەڵسەنگاندنی خۆمان دەبێت، بەڵام لەم کاتەدا پرسی لاهووری شێخ جەنگی گرنگترین پرسە لای ئێمە.

درەنگانی شەوی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، هێزێکی زۆری یەکێتی کە پێکهاتبوون لە (کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر) بەرەو لالەزار شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل جوڵەی پێ کرا و چواردەوری شوێنەکەیان گەمارۆ دا.

بەرەبەیانی هەینی 22ـی ئابی 2025،  شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی چەکداری کە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و 19ـی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل