ئەمەریکا و ئۆکرانیا و ئەوروپیەکان لە بەرلین کۆ دەبنەوە
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئەم هەفتەیە لە بەرلین لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و سەرکردەکانی ئەوروپا کۆ دەبێتەوە، بە گوێرە زانیارییەکان سەرەتای 2027 ئۆکرانیا دەبێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا.
حکوومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، بەرلین میوانداری گفتوگۆ و دیداری سەرکردەکان دەکات، لەنێویاندا سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ بەشداری گفتوگۆکان دەبن؛ ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە زێلێنسکی، دووشەممە 15ی ئەم مانگە لەگەڵ فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بەشداری کۆڕبەندی بازرگانی ئەڵمانیا و ئۆکرانیا بکات.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە بارەی دیداری ویتکۆڤ و زێلێنسکی و سەرکردە ئەوروپییەکان نووسیویەتی: هەرچەندە بەرپرسانی ئۆکرانیا لەسەر بنەمای پێشنیازی پلانە دەستپێخەرییە 28 خاڵییەکەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، پلانێکی نوێکراوەیان ڕادەستی واشنتن کردووە، بەڵام ترەمپ فشارەکانی لەسەر بەرپرسانی ئۆکرانیا چڕتر کردووەتەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگ بێنن.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشكرای کردووە، بە گوێرەی ئەو پلانەی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا هەیەتی، ئۆکرانیا لە کانوونی دووەمی ساڵی 2027 دەبێتە بەشێک لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەمەش ئەو نیگەرانییەی ڕووسیا بوو، کە لە شوباتی 2022 هێرشی سەربازی کردە سەر ئۆکرانیا.
لەمبارەوە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندووە، ئەوروپی و ئۆکرانییەکان داوای گەرەنتی ئەمنی لە ئەمەریکا دەکەن، بەر لەوەی ئۆکرانیا دەست بە دانوستان و بەخشینی هیچ هەرێمێکی وڵاتەکەی بکات.
