ئەمەریکا کەشتییەکی هەڵگری کەرەستەی سەربازیی چین بۆ ئێرانی دەستبەسەر کرد

بەرپرسێکی ئەمەریکی بە ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) ڕاگەیاندووە، مانگی ڕابردوو تیمێکی هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە لە زەریای هیندی چوونەتە سەر کەشتییەک و دەستیان بەسەر بڕێک کەرەستەی سەربازیدا گرتووە کە لە چینەوە بەرەو ئێران دەگواسترانەوە.

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە بڵاوی کردووەتەوە، بارەکە پێکهاتەی وای تێدا بووە کە دەتوانرێت لە دروستکردنی چەکی ئاسایی ئێراندا بەکاربهێنرێت، هەربۆیە دوای دەستبەسەرداگرتنی، تەواوی بارەکە لەناوبراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزەکانی ئەمەریکا لە دووری سەدان کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی سریلانکا چوونەتە سەر کەشتییەکە و پشکنیویانە، دوای دەستبەسەرداگرتنی کەرەستە قەدەغەکراوەکان، ڕێگەیان بە کەشتییەکە داوە بەردەوام بێت لە گەشتەکەی.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمە یەکەمجارە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سوپای ئەمەریکا لە دەریادا ڕێگری لە بارێکی بە ڕەچەڵەک چینی بکات کە بەرەو ئێران دەگواسترایەوە.

هەرچەندە ناوی کەشتییەکە و خاوەنەکەی ئاشکرا نەکراون، بەڵام بەرپرسێکی دیکە ڕوونی کردووەتەوە کەرەستەکان "بەکارهێنانی دوولایەنە" (مەدەنی و سەربازی)یان هەبووە. ئەمەریکا لە ڕێگەی زانیاریی هەواڵگرییەوە ئەوەی دەستکەوتووە کە ئەو بارە بۆ کۆمپانیا ئێرانییەکان نێردراوە بە مەبەستی بەکارهێنانیان لە بەرنامە مووشەکییەکاندا.

ئەم ئۆپەراسیۆنە پێشتر ڕانەگەیەندراوە، بەشێکە لە هەوڵەکانی پێنتاگۆن بۆ تێکدانی تۆڕە نهێنییەکانی دابینکردنی چەک بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەت دوای ئەو زیانانەی لە شەڕێکی 12ڕۆژەی مانگی حوزەیراندا بە دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران گەیشتوون.

ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکا دەست بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری گەمارۆدراودا لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا بگرێت، کە بۆ گواستنەوەی نەوت لە ڤەنزوێلاوە بۆ ئێران بەکاردەهێنرا. ئەم جووڵانە ئاماژەن بۆ گەڕانەوەی تاکتیکە دەریاییە توندەکان لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە دژی نەیارەکانی.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل