حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی ئەوروپا نەخشەڕێگایەک بۆ برەودان بە مافەکانی مرۆڤ دادەڕێژن

لە هەنگاوێکی دیپلۆماسیی گرنگدا بۆ مسۆگەرکردنی پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە قۆناغی ڕاگوزەری و پڕکردنەوەی بۆشایی دامەزراوە جیهانییەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی ئەوروپا نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ برەودان بە مافەکانی مرۆڤ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان دادەڕێژن.

دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە برۆکسل لەگەڵ مارتا تيميدو جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆبووەوە، لە دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر دەستکەوتەکانی پلانی هەرێم بۆ ساڵانی 2021 تا 2025 لە بوارەکانی حوکمڕانیی باش و پاراستنی پێکهاتەکان و مافی ژنان.

 دیندار زێباری جەختی لە پێویستیی بەردەوامیی پشتیوانیی سیاسی و مرۆیی یەکێتیی ئەوروپا کردەوە بەتایبەتی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی و کەمبوونەوەی ڕۆڵی نێردە نێودەوڵەتییەکان.

 لە بەرانبەردا لایەنی ئەورووپی وێڕای ستایشی بەرەوپێشچوونەکان ئامادەیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی تایبەت لە پەرلەمانی ئەوروپا دەربڕی بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێم.

هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی ڕاپۆرتەکان و فراوانکردنی بازنەی هەماهەنگی بۆ پاراستنی مافە بنەڕەتییەکان لەم قۆناغە هەستیارەدا.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل