سوننەکان: پێویستە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان پێش کریسمس بکرێت

ئەنجوومەنی سیاسیی سوننەکان پێشنیاز دەکات یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران پێش سەری ساڵ بەڕێوە بچێت و داوا لە سەرۆک کۆمار دەکەن بەزووترین کات وادەکەی دیاری بکات.

ئەنجوومەنی سیاسیی سوننەکان درەنگانی ڕۆژی یەکشەممە، لە ماڵی موسەنا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم لە بەغدا کۆبوونەوە کە سەرکردە حزبی و هاوپەیمانییە پێکهێنەرەکانی ئەنجوومەنەکە تێێدا بەشدار بوون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجوومەنەکە، گفتوگۆ لەسەر شایستە دەستوورییەکان و تێڕوانینی ئەنجوومەنەکە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو و بەرنامەکەی و ئەو ئاڵنگارییانە کراوە کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە کرا.

ئاماژە بەوەشدراوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەکان کراوەتەوە بۆ پەلەکردن لە پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ کە توانای وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی شەقامی عێراقی هەبێت و بتوانێت بەرنامەکانی جێبەجێ بکات.

لەو چوارچێوەیەدا، ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی داوای لە سەرۆک کۆمار کردووە پەلە بکات لە دیاریکردنی وادەی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، ئەنجوومەنەکە بە پشت بەستن بە ماددەی (54)ی دەستوور، پێشنیازی کردووە وادەی دانیشتنەکە پێش بەرواری 25-12-2025 بێت.

هاوکات بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کۆببێتەوە بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، کۆبوونەوەکە تاوتوێی دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش دەکات. لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر یەک ناو، ئەوا ناوی سێ کاندید دەخرێتە بەردەم ئەندامان و لە ڕێگەی دەنگدانەوە یەکێکیان هەڵدەبژێردرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل