سەرکردەکانی ئەورووپا پلانیان هەیە بەشداری دانوستانەکانی ئۆکرانیا بکەن

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ئاشکرایکردووە، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەورووپا پلانیان هەیە بەشداری دانوستانەکانی یەکلاکردنەوەی ئۆکرانیا بکەن کە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لە ئەڵمانیا بەردەوام بێت.

دووشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ئاشکرایکردووە، ئەو خولە دانوستانەی کە یەکشەممە لە بەرلین دەستیپێکردووە، ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت و چەند سەرکردەیەکی ئەورووپی بەنیازن بەشداری بکەن لە چوارچێوەی فراوانکردنی بەشداریی سیاسی لە پرۆسەی چارەسەری قەیرانی ئۆکرانیا.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دانوستانەکان لەسەر پرسی ئۆکرانیا لە بارەگای ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەستیپێکردووە، بە بەشداری ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و جارێد کوشنەر، هاوکات ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا یەکێکی دیکەیە لە بەشداربووەکان.

لەمبارەیەوە سیتڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاندووە، لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ شاندی ئۆکرانیا لە بارەی پلانە 20 خاڵییەکەی ئەمەریکا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەرەوپێشچوونی باش هەبووە.

ئیدارەی ئەمەریکا پێشتر پەرەپێدانی پلانی یەکلاکردنەوەی ئۆکرانیای ڕاگەیاندبوو، هاوکات کرێملین دووپاتی کردبووەوە کە ڕووسیا کراوەیە بۆ دانوستانەکان و پابەندە بە دانوستانەکانی ئەنکۆریدج.

ڕۆژی یەکشەممە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە دەستەبەرداری ئەندامێتی ناتۆ ببێت، بە مەرجێک کیێڤ گەرەنتی ئەمنی لە ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپا وەربگرێت.

لە بەرانبەردا، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا، جەختی لەوەکردووەتەوە، مۆسکۆ بە توندی ناڕەزایەتی دەردەبڕێت ئەگەر پێشنیازەکانی کیێڤ و برۆکسل بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی ئۆکرانیا بخرێتە ناو پلانی ئاشتییەوە، هاوکات ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئەو جۆرە هەموارکردنانە بکرێن، ئێمە ناڕەزایەتییەکی توندمان دەبێت، چونکە پێشتر ئێمە هەڵوێستی خۆمان زۆر ڕوون کردووەتەوە. 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل